رۆیتەرز: تاران ئەمڕۆ وەڵامی پێشنیازەکەی واشنتن دەداتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران درەنگانی ئەمڕۆ وەڵامی فەرمیی خۆی سەبارەت بە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕادەست دەکات.

هەینی 27ـی ئاداری 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی، لە رێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە ئاگادار کراونەتەوە کە وەڵامی ئێران بۆ دەستپێشخەری ئاشتیی واشنتن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەر ئەمڕۆ هەینی 27ـی ئازاری 2026 دەگاتە دەستیان.

لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە، پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا، کە لە رێگەی وڵاتی پاکستانەوە گەیەندراوەتە تاران، داواکاریی زۆر قورس و ستراتیژی لەخۆ دەگرێت. گرنگترینی ئەو خاڵانە بریتین لە: هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران، سنووردارکردنی توانای مووشەکی، و رادەستکردنی کۆنترۆڵی کردەیی گەرووی هورمز بە هێزە نێودەوڵەتییەکان.

هەرچەندە بەرپرسێکی ئێرانی رۆژی پێنجشەممە بە رۆیتەرزی راگەیاندبوو، دوای وردبوونەوە لە پێشنیازەکە، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە "تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات"، بەڵام جەختیشی کردەوە کە هێشتا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن و کۆتاییان نەهاتووە.

ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە جەنگەکە لە 28ی شوباتی رابردووەوە بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە.