وەزیری جەنگی ئەمریکا: مووشەکەکانی ئێران دەگەنە لەندەن
وەزیری جەنگی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی دایە جیهان و رایگەیاند کە مووشەکەکانی ئێران دەتوانن بگەنە جەرگەی ئەوروپا و شاری لەندەن، ئەمەش دوای ئەوەی تاران هێرشێکی مووشەکیی بۆ سەر ئامانجێک لە دووری 4000 کیلۆمەتر ئەنجام داوە.
هەینی 27ـی ئاداری 2026، پیت هەگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئاشکرای کرد، کە دوو رۆژ لەمەوبەر ئێران دوو مووشەکی بەرەو بنکەی سەربازیی دیێگۆ گارسیا هاویشتووە، کە بنکەیەکی هاوبەشی بەریتانیا و ئەمریکایە لە زەریای هیندی و نزیکەی 4000 کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە.
هەرچەندە حکوومەتی بەریتانیا رایگەیاند کە مووشەکەکان پێش گەیشتن بە ئامانج کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هەگسێت گوتی: "ئێران ساڵانێکی زۆرە دەڵێت مەودای مووشەکەکانی لە 2000 کیلۆمەتر تێپەڕ ناکات، بەڵام دیسان دەرکەوت کە راست ناکەن."
هەگسێت ئاماژەشی دا، "لەندەن 4000 کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە و ئێستا لە ژێر مەترسیدایە. هەروەها واشنتن تەنیا 3300 کیلۆمەتر لە ڤێنیزوێلاوە دوورە کە هاوبەشێکی مێژوویی ئێرانە. ئایا هێشتا دەڵێن ئێران هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەمریکا و جیهان؟ ترەمپ بە باشی درک بە ڕاستییەکان دەکات."
جۆن هیلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، هەرچەندە خۆی لە پشتڕاستکردنەوەی فەرمیی مەودای مووشەکەکانی ئێران پاراست، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا هیچ مەترسییەکی هێرشی دەستبەجێ بۆ سەر وڵاتەکەیان نییە.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنە سەربازییانەدا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، پشتڕاستی کردەوە کە واشنتن پێشنیازێکی "15 خاڵی" لە رێگەی وڵاتی پاکستانەوە رادەستی ئێران کردووە، وەک نەخشەڕێگایەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی و کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە هەڕەشە لە ئاسایشی جیهانی دەکات.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە سوپای ئیسرائیل پێشتر هۆشداری دابوو کە جبەخانە مووشەکییەکەی ئێران پەرەی سەندووە و مەوداکەی گەیشتووەتە 4000 کیلۆمەتر، ئەمەش وڵاتانی ئەوروپا، ئاسیا و ئەفریقا دەخاتە ناو مەودای هێرشەکانی تاران.