عێراق.. كاروانێكی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە دوو بۆمبی چێنراو كرایە ئامانج
ھەردوو تەقینەوەكان ھیچ زیانێكی گیانیان لێنەكەوتەوە
K24 – ھەولێر:
سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراقی رایگەیاند، دوو تەقینەوە بە بۆمبی چێنراو كاروانێكی پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیان لە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق كردە ئامانج.
سەرچاوەكە گوتی: "یەكێك لە بۆمبە چێنراوەكان كاروانێكی پشتیوانی لۆجیستیی سەر بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی كردە ئامانج لە سەر رێگای خێرای زیقار و ھیچ زیانێكی مرۆڤی لێنەكەوتەوە".
گوتیشی: "بۆمبێكی دیكە تەقییەوە و ھەر ھەمان كاروانی كردە ئامانج لە مەودایەكی نزیك لە تەقینەوەی یەكەم و بووە ھۆی سووتاندنی یەكێك لە بارھەڵگرەكان، بەڵام ھیچ زیانێكی گیانیی لێنەكەوتەوە".
لەم ماوەی دواییدا كردەوەكانی بەئامانجكردنی كاروانەكانی سەر بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەند بارە دەبنەوە، ئەم بارھەڵگرانەش سەر بە كۆمپانیاكانی عێراقین و شوفێرەكانیشیان ھەر عێراقین و كەرستە و كەلوپەلی لۆجیستی ئەمەریكا دهگوازنەوە پاش ھەڵوەشاندنەوە و كردنەوەی ھەندێك لە پێگە و بنكەكانیان، دوای ئەوەی بڕیاری كەمكردنەوەی ژمارەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق درا.