بلوومبێرگ: ترەمپ پەیامی ئاشتی دەنێرێت و لە ژێرەوە ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی دەکات

لە کاتێکدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە هاوپەیمانەکانی راگەیاندووە کە هیچ پلانێکی دەستبەجێی بۆ هێرشی زەمینی لە ئێران نییە، بەڵام هاوکات رەوانەکردنی هەزاران سەربازی بژاردە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەیەکی پێچەوانە دەدات. واشنتن ستراتیژیی نادیاریی ستراتیژی پەیڕەو دەکات تاوەکوو تاران لە دڵەڕاوکێدا بهێڵێتەوە و لە کاتی شکستی دیپلۆماسیدا هەموو بژاردەکانی لەبەردەست بێت.

هەینی 27ـی ئاداری 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ کە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە چەند رۆژی رابردوودا دوو یەکەی گەورەی هێزی دەریایی (مارێنز) کە نزیکەی 5,000 سەرباز دەبن، شانبەشانی 2,000 سەربازی دیکە لە "فیرقەی 82" رەوانەی ناوچەکە کردووە.

هەرچەندە واشنتن دەڵێت ئەم هێزانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و کشانەوەی هاووڵاتییانن، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ترەمپ خۆی بۆ سیناریۆی کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ یان بنکە ناوەکییەکان ئامادە دەکات.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی هەینی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان هەوڵیدا نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە و گوتی: "ئێمە دەتوانین بەبێ هێزی زەمینیش ئامانجەکانمان لە ئێران بپێکین، بەڵام بوونی ئەم سەربازانە دەرفەتی زیاتر و بژاردەی جۆراوجۆر دەداتە ترەمپ بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو."

روبیۆ کە لە فەرەنسا لەگەڵ وەزیرانی گرووپی حەوت (G7) کۆبووەوە، دڵنیایی دایە هاوپەیمانەکانی کە ئەم جەنگە "تەنیا چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، نەک چەند مانگێک."

هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە بلوومبێرگی راگەیاندووە، کە ئەرکی پێنتاگۆنە هەموو جۆرە پلانێک ئامادە بکات، بەڵام ترەمپ ئێستا سەرنجیان لەسەر دیپلۆماسییە. بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەگەر تاران نەگاتە رێککەوتن، زۆر قورستر لە جاران گورزی لێ دەدرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ مۆڵەتی هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبای ئێرانی بۆ 10 رۆژ دواخستبوو تاوەکوو ئەنجامی گفتوگۆ نهێنییەکان دەربکەوێت.

مێژووی مامەڵەکردنی ترەمپ نیشانی دەدات کە پەیامەکانی هەمیشە وەک یەک نین؛ لە ساڵی 2025یشدا لە کاتێکدا باسی لە دانوستان دەکرد، فەرمانی بۆردوومانکردنی بنکە ناوەکییەکانی ئێرانی دا. بۆیە، رەوانەکردنی 7,000 سەربازی نوێ بۆ ناوچەکە لە لایەن چاودێرانی سەربازییەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنی خێرا و یەکلاکەرەوە دەبینرێت، ئەگەر بێتو تاران مەرجە 15 خاڵییەکەی واشنتن بۆ ئاشتی رەت بکاتەوە.