ویتکۆف: ترەمپ ئاشتیی دەوێت نەک لە نێوبردنی گەلی ئێران

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند کە واشنتن پێشنیازێکی 15 خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رادەستی تاران کردووە و لەم هەفتەیەدا چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی دەکەن. ویتکۆف جەختی کردەوە کە ئەم رێککەوتنە تەواوی کێشە ناوەکییەکانی ئێران چارەسەر دەکات و ئاماژەی بەوەش کرد کە ترەمپ خوازیاری ئاشتییە نەک لەناوبردنی گەلی ئێران.

هەینی 27ـی ئاداری 2026، لە میانی بەشداریی لە کۆڕبەندی "FII Priority"، ستیڤ ویتکۆف نێردەی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکان، ئاماژەی بەوە کرد پێشنیازێکی 15 خاڵی لەسەر مێزەکەیە و ئێرانییەکان ماوەیەکی زۆرە لەبەردەستیاندایە. گوتیشی: "ئێمە چاوەڕێی وەڵامێکی فەرمییان لێ دەکەین، ئەم رێککەوتنە تەواوی کێشەکان یەکلایی دەکاتەوە."

بەپێی گوتەکانی ویتکۆف، رێککەوتنەکە چارەسەری پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات و پێویستە ئێران دەستبەرداری ئەو نزیکەی 10 هەزار کیلۆگرامە لە ماددە ناوەکییە پیتێنراوانە ببێت کە کۆگاکراون. هەروەها گوتی: سیستەمی چاودێریی ورد بەشێکە لەو هێڵە سوورانەی ئەمریکا کە جێگەی گفتوگۆ نین.

نێردراوەکەی ترەمپ پەیامێکی بۆ ئێرانییەکان نارد و رایگەیاند: "ئێمە بەدوای هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی گەلی ئێراندا ناگەڕێین، بەڵکوو دەمانەوێت ئاسایش بۆ ناوچەکە بگێڕینەوە." سەبارەت بە دۆخی مەیدانی، ویتکۆف ئاماژەی بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز کرد و ئەوەی وەک نیشانەیەکانی زۆر باش بۆ بەرەوپێشچوونی دۆخەکە نێوبرد.

ستیڤ ویتکۆف جەختی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ بە جددی خوازیاری رێککەوتنی ئاشتییە و پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ لە نێوان هەردوولادا ئەنجام بدرێت. ویتکۆف پێناسەی دانوستانی راستەقینەی کرد و گوتی: "پێناسەی من بۆ دانوستان ئەوەیە کە لێرە کۆببینەوە و تا تەواو نەبین شوێنەکە جێنەهێڵین."