ئەمریکا فڕۆکەهەڵگری جۆرج دەبڵیو بۆش رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی هێزێکی دەریایی گەورە بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی سەربازی خۆی لە جەنگی دژی ئێراندا.
شەممە 28ـی ئاداری 2026، تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس نیوز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ( جۆرج دەبڵیو بۆش ) رەوانەی ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەکرێت، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە کەشتییەکە و گرووپی هێرشبەری یاوەری، سەرەتای ئەم مانگە مەشق و راهێنانەکانیان بۆ ئامادەباشی لە جەنگێکی گەورەدا بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەنها کەشتیی جۆرج دەبڵیو بۆش نییە کە بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتووە، بەڵکو چەندین تێکشکێنەری مووشەکی دیکەش پەیوەندییان بە هێزەکانەوە کردووە لەوانە :
تێکشکێنەری (USS Ross) رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە ویلایەتی ڤێرجینیاوە بەڕێکەوتووە.
هەردوو تێکشکێنەری (USS Donald Cook) و (USS Mason) لە ویلایەتی فلۆریداوە بەڕێ کەوتوون بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئێران.
ئەم هێزە نوێیانە لە کاتێکدا رەوانە دەکرێن کە پێشتر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" پێشکەوتووترین کەشتی ئەمریکا لە ناوچەکە بوو، بەڵام بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لەسەر پشتی کەشتییەکە، ناچار بووە ناوچەی جەنگ جێبهێڵێت و بەرەو کەنداوی سودا لە دوورگەی کریت لە یۆنان بڕوات بە مەبەستی چاککردنەوە و دابینکردنی پێداویستی، سوپای ئەمریکا جەختی کردووەتەوە، ئاگرەکە پەیوەندی بە جەنگە نەبووە بەڵکو هۆکاری دیکەی هەبووە.
ناردنی ئەم هێزە نوێیانە لە کاتێکدایە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران لە قۆناغی سەرەتاییدایە، تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لایەکەوە تاوتوێی چەندین بژاردەی سەربازی دەکات کە رەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری جەنگ، لە لایەکی دیکەوە جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان دەکاتەوە، هەرچەندە داهاتووی ئەو گفتوگۆیانە تا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە.