سەرۆکی ئەمریکا جەژنی نەورۆز لە گەلی کوردستان پیرۆز دەکات
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاته یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پێگەیشت.
وەک ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە "لە نامەکەدا ترەمپ وێڕای ئاراستەکردنی گەرمترین پیرۆزبایی بە نێچیرڤان بارزانی، دەنووسێت: نەورۆز، ئاهەنگگێڕانە بە هاتنی بەهار، هەروەها بەرجەستەکردنی سەرکەوتنی هەمیشەییی ڕووناکییە بەسەر تاریکیدا. ئەم جەژنە دێرینە، گوزارشتێکی ساڵانەی هێزی سەرەتا نوێیەکانە".
ترەمپ هەروەها دەڵێت: داوا لە خوا دەکەم ئەم نەورۆزە ببێتە مایەی بەهێزکردنی بەهاکانی ئاشتی و شکۆی مرۆڤ و ساڵی نوێ پڕ لە خێر و خۆشی بێت.
لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی لە هەموو ئەوانەش دەکات کە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، هەروەها لە کۆتاییی نامەکەیدا بە کوردی نووسیویەتی: نەورۆز پیرۆز.