قالیباف: سوپای ئیسرائیل لە لێواری هەرەسهێناندایە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل لە رێگەی پەرەپێدانی ئاستی گرژییەکان و هێرشکردنە سەر ژێرخانی پیشەسازیی ئێران، هەوڵ دەدات هۆشدارییە ناوخۆییەکانی سەبارەت بە هەرەسهێنانی سوپاکەی بشارێتەوە.

شەممە، 28ـی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی توندی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و ئاماژەی بە قەیرانە قووڵە ناوخۆییەکانی سوپای ئەو وڵاتە دا.

قالیباف لە پۆستەکەیدا لە وەڵامی گوتەکانی سوپاسالاری ئیسرائیل و نووسیویەتی: "سوپای ئیسرائیل لە ناوخۆی خۆیدا هەرەس دەهێنێت و دەڕووخێت".

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، ئیسرائیل لە رێگەی زیاترکردنی گرژییەکان و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ژێرخانی پیشەسازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەوڵ دەدات بە ئەنقەست ئەو هۆشدارییە جددییانە پشتگوێ بخات کە باس لە هەڵوەشانەوەی سوپاکەی دەکەن.

جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پەنابردنی ئیسرائیل بۆ هێرشی دەرەکی، تەنیا بۆ راکردنە لەو راستییە تاڵەی کە دامەزراوە سەربازییەکانی ئەو رژێمەی لە لێواری داڕمان نزیک کردووەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.