ئەکسیۆس: دەمەقاڵێی توند لە نێوان روبیۆ و کایا کالاس روویداوە
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) لە فەرەنسا، پێکدادانێکی دیپلۆماسیی توندی لە نێوان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەخۆوە بینیوە.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، کە لە کاتی تاوتوێکردنی دۆسیەی ئۆکرانیا، کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کە بە هەڵوێستە توندەکانی دژ بە مۆسکۆ ناسراوە، رووبەڕووی مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووەتەوە، کالاس رەخنەی لە نەرمی ئەمریکا بەرانبەر رووسیا گرت.
کالاس وەبیری روبیۆ هێناوەتەوە کە ساڵێک لەمەوبەر هەر لە هەمان شوێن هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری توندی لە دژی کرێملین کردبوو، بەڵام "ساڵێک تێپەڕی و رووسیا هیچ هەنگاوێکی نەناوە."
بەپێی سەرچاوەکان، روبیۆ بەم قسانە بە توندی تووڕە بووە و بە دەنگێکی بەرز وەڵامی کالاسی داوەتەوە و گوتوویەتی: "ئێمە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە. ئەگەر ئێوە پێتان وایە دەتوانن باشتر کار بکەن، فەرموون ئەنجامی بدەن؛ ئێمە دەکشێینەوە و مەیدانەکە بۆ ئێوە چۆڵ دەکەین." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە واشنتن تاکە لایەنە کە بە چەک، زانیاری هەواڵگری و پشتیوانیی بەردەوام یارمەتی ئۆکرانیا دەدات.
ئەم دەمەقاڵێیە وای لە وەزیرانی دیکەی ئەوروپا کردووە بێنە ناو قسەکان و داوا بکەن ئەمریکا لە پڕۆسەی دیپلۆماسیی رووسیا و ئۆکرانیا نەکشێتەوە. هەرچەندە دواتر روبیۆ و کالاس بە تەنیا کۆبوونەتەوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام روبیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بوونی هەر جۆرە گرژییەکی رەت کردەوە و گوتی: "کۆبوونەوەکان تەنیا بۆ سوپاس کردنی ئەمریکا بوون."
راپۆرتەکەی ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکاری سەرەکیی ئەم دڵەڕاوکێیەی ئەوروپا، جەنگی ئێرانە. واشنتن بەهۆی قەیرانی وزەوە رێگەی داوە رووسیا نەوتەکەی بە نرخێکی گرانتر بفرۆشێت، ئەمەش ئەوروپییەکانی نیگەران کردووە.
بەرپرسانی ئۆکرانیاش دەڵێن هیچ بەرەوپێشچوونێکی جددی لە پڕۆسەی ئاشتی وڵاتەکەیان نییە، چونکە تەواوی سەرنجی ئیدارەی ترەمپ ئێستا چووەتە سەر جەنگی ئێران و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران.