کۆریای باکوور بزوێنەرێکی نوێی مووشەکی تاقیدەکاتەوە و هەڕەشەی لێدانی ئەمریکا دەکات

کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور، سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی بزوێنەرێکی نوێی مووشەکی کرد، بە سووتەمەنی ڕەق کاردەکات، ئەمەش وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ پەرەپێدانی جبەخانە و توانای هێرشبەری ستراتیژی وڵاتەکەی.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فەرمی کۆریای باکوور (KCNA) کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەم بزوێنەرە نوێیە لە ماددەی "فیبەر کاربۆن" دروستکراوە و خاوەنی هێزێکی پاڵنەری زۆرە، یارمەتیدەرە بۆ خێراکردنی پرۆسەی هەڵدانی موشەکەکان لە کاتی جەنگدا.

کیم جۆنگ ئون لە کاتی بەسەرکردنەوەی تاقیکردنەوەکەدا رایگەیاند؛ توانای بەرگریی وڵاتەکەی چووەتە قۆناخێکی گۆڕانکاری بنەڕەتییەوە. هەرچەندە ئاژانسەکە شوێن و کاتی تاقیکردنەوەکەی دیاری نەکردووە، بەڵام جەختی کردووەتەوە ئەمە بەشێکە لە پلانی مۆدێرنکردنی هێزە هێرشبەرەکان.

ئەم پەرەپێدانە سەربازییانەی کۆریای باکوور لە کاتێکدایە وڵاتەکە لەژێر سزای توندی نێودەوڵەتیدایە، بەڵام پیۆنگیانگ بەردەوامە و دەڵێت ئەمە وەڵامێکە بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

لە لایەکی دیکەوە، ڕێبەری کۆریای باکوور بنکەیەکی مەشقی هێزە تایبەتەکانی بەسەرکردەوە و تاقیکردنەوەی چەند چەکێکی پێشکەوتووی شەڕی رووبەرووی بینی. هەروەها سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی تانکێکی نوێی کرد، بە گوتەی ئاژانسی فەرمی وڵاتەکە، توانای هەیە بەرەنگاری زۆربەی چەکە دژە تانکەکان ببێتەوە.

شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن ئەم بزوێنەرە بەتایبەت بۆ موشەکی بالیستی کیشوڕبڕی جۆری "هواسونگ-20" دیزاین کراوە، کە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو پەردەی لەسەر لادرا. ئامانجی سەرەکی ئەم موشەکانە گەیشتنە بە قوڵایی خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

هۆنگ مین، توێژەر لە پەیمانگای نیشتمانی کۆریای باشوور بۆ یەکگرتنەوە، دەڵێت: "ئەم تاقیکردنەوەیە سەلمێنەری سووربوونی پیۆنگیانگه‌ لەسەر خاوەندارێتی موشەکێک کە بتوانێت هەر ئامانجێک لە هەر شوێنێکی جیهان بپێکێت."