سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی پارێزگای هەڵەبجە پشووە

قایمقامی هەڵەبجە بۆ کوردستان24: پشووی سبەی تەنیا ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەگرێتەوە

سبەی پێنجشەممە لە پارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی پاییزەی هەنار، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێتە پشووی فەرمی، هاوکات دەوامی فەرمانگە حکوومییەکان بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت.

سمکۆ سالار، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەڵەبجە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: سبەی پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەهۆی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی هەنارەوە، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی پارێزگای هەڵەبجە دەبێتە پشووی فەرمی.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، دەوامی فەرمی لە سەرجەم فەرمانگە حکوومییە خزمەتگوزارییەکان بە ئاسایی بەردەوام دەبێت و پشووەکە تەنیا ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا دەگرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دووشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو: دیاریکردنی وادەی فێستیڤاڵەکە بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی، بە جۆرێک کە رۆژی 29ـی مانگ کەشوهەوا لەبارە و باران نابارێت، بەڵام رۆژی هەینی کە دەکاتە 30ـی مانگ باران دەبێت و رۆژی شەممەش دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە؛ بۆیە نەتوانراوە دوابخرێت بۆ هەفتەی داهاتوو، چونکە لەپاڵ پێشبینیی بارانبارین، تاقیکردنەوەی قوتابیانیشی تێدایە.

سەبارەت بە ڕێکخستنی جووڵەی هاتوچۆ و خزمەتگوزاریی گەشتیاران، پارێزگاری هەڵەبجە ڕوونی کردبووەوە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار و هاتوچۆ، پاسی تایبەت لە دەروازەی چوونەژوورەوەی شارەکە بۆ گواستنەوەی بێبەرامبەری گەشتیاران دابین کراوە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی جەنجاڵی لەسەر شەقامەکان و ناوچەی دەوروبەری پارکی سازکردنی فێستیڤاڵەکە.

هەروەها ئەوەشی خستبووەڕوو، کە لە ماوەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا، لە پاڵ بەرهەمی خۆماڵیی هەنار، دەیان جۆر کاری دەستیی خانمان و گەنجان، خواردنی فۆلکلۆری کوردی، و چالاکیی ڕۆشنبیری و گۆرانی پێشکەش دەکرێن.

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بۆ ساڵی 2025، بەرهەمی ئاسایی هەنار بۆ ساڵی رابردوو نزیکەی 35 هەزار تۆن بووە و بەمەش نزیکەی یەک لەسێی کۆی گشتی بەرهەمی هەناری کوردستان لە سنووری هەڵەبجەیە و رۆژانە بە گشتی زیاتر لە 70 تۆن هەنار رەوانەی بازاڕەکانی عێراق دەکرێت.

رووبەری باخەکانی هەنار لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 10 هەزار و 600 دۆنمە، نزیکەی 2300 باخەوان سەرقاڵی وەبەرهێنانی باخەکانن، بە گوێرەی تۆمارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە تێکڕای بەرهەمی هەر دۆنمێک لەو باخانە بە زیاتر لە 3 تۆن دەخەمڵێنرێت. 

تاوەکوو ئێستا باشترین بەرهەم و خۆشترین هەناردەی هەڵەبجە، جۆری "ساڵەخانی"یە و لە باخەکانی گوندی سازان دەڕنرێت، بەمەش لەگەڵ هەناری هەرمشتێی پارێزگای دهۆک و هەناری شارەبان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە سنووری پارێزگای دیالە، سێ جۆرە بەناوبانگەکەی هەناری کوردستان پێکدەهێنن. دوای ئەم سێ جۆرە، هەناری دەڤەری چۆمان، رانیە و دۆڵی خۆشناوەتی لە جۆرەکانی دیکەی هەناری بە ناوبانگی هەرێمی کوردستانن، کە تامەکانی شیرین، مێخۆش و نیمچە مزر پێکدەهێنن.