کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی بۆ راگرتنی جەنگی ئێران بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ یەکشەممە (29ـی ئاداری 2026)، ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان میوانداریی کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لە نێوان میسر، تورکیا، سعوودییە و پاکستان دەکات بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی رەوشی ناوچەکە لە چوارچێوەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.

ئێوارەی رۆژی شەممە، بەدر عەبدولعەتی، وەزیری دەرەوەی میسر بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکە گەیشتە ئیسلام ئاباد.

 وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نوور خان پێشوازیی لە هاوتا میسرییەکەی کردووە.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، سەردانەکە تەنیا بۆ بەشداریکردن نییە لە کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەدا، بەڵکوو بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پاکستان و میسرە لە چەندین بواردا لە داهاتوودا، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، رەوشی ئێستای ناوچەکە لە سەرووی کارە لەپێشینەکانەوەیە.

چاوەڕێ دەکرێت، بەیانیی ئەمڕۆ هەریەک لە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودییە و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بگەنە ئەو وڵاتە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە.

 وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بە کۆبوونەوەیەکی یەکجار گرنگ لە ژێر رۆشنایی پێشهاتەکانی ناوچەکە وەسفی دەکات. 

محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بەم شەڕەی ئێستا. 

هەروەها گوتیشی، وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵاتی تورکیا، سعوودیە و میسر لە پاڵ بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوە سەرەکییەکەدا، کۆبوونەوەی جیاجیاش لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئەنجام دەدەن.

 وەزیری دەرەوەی پاکستان جەختی لەوەش کردەوە، وڵاتەکەی لە رۆژانی رابردوودا پەیامی لە نێوان لایەنەکانی شەڕەکەدا گواستووەتەوە، بەتایبەتی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران وەک هەوڵێک بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان.

ئەم کۆبوونەوە چوارقۆڵییەی نێوان پاکستان، تورکیا، سعوودیە و میسر، سەرەتا بڕیار بوو لە تورکیا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی مانەوەی وەزیری دەرەوەی پاکستان لە وڵاتەکەی، کۆبوونەوەکە گواسترایەوە بۆ ئیسلام ئاباد.

 ئەم کۆبوونەوەیە وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەشی وڵاتانی ئیسلامی دەبینرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکانی ناوچەکە. 

هەروەها لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، جەخت لە دروستکردنی متمانە کراوەتەوە بۆ سەرخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و چارەسەرکردنی دۆخەکە.