قه‌رزه‌كانی عێراق زیاتر كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بن

حكومه‌تی عێراق داوای قه‌رزی زیاتر ده‌كات

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

ئەنجومەنی وەزیران دەیەوێت عێراق تووشی قەرزێکی دیکەی ترسناك بکاته‌وه‌، کە ئەویش لە پرۆژە بودجەی ساڵی (2021) ھاتووە و بڕەکەی زیاتر لە (47) تریلیۆن دینارە، پەرلەمانتارێکی لیژنەی دارایی رایگه‌یاند، خەرجی و کورتھێنان و قەرزەکانیش کەم دەکەینەوە و ناھێلێن ئەو خەمڵاندنە زۆرە بە سەر پەرلەماندا تێپەرێت، بەتایبەت رێگه‌ نادەین قەزرەکان بگه‌نه‌ سنووری (20) تریلیۆن دینار، لەلایەکی دیكەوە پەرلەمانتاران داوای روونکردنەوە لە حکومەت دەکەن، به‌ مەبەستی بۆچی دەیانەوێت قەرز بکەن!.

قۆناغەکانی ئیداره‌ی دارایی لە عێراق، بێ قەرزکردن کۆتایی نایه‌ت، لە پڕۆژەی بودجەی ساڵی (2021)ی عێراق، حکومەت بە نیازە قەرز لە بانکی مەرکەزی و (25) بانکی دیكه‌ی دەرەکی و ناوخۆیی بکات، کە کۆی گشتی ئەو قەرزەی دەیەوێت بیکات، بۆ یەك ساڵ دەگاتە (47) تریلیۆن دینار، ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی بەشێك لە کورتھێنانەکەیەتی، کە بڕه‌كه‌ی (71) تریلیۆن دینارە، ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، رێگە بەو قەزرە ترسناکە نادەین و کەمی دەکەینەوە بۆ نزیکەی (20) تریلیۆن دینار، کۆی گشتی ھەموو قەرزەکانی سەر عێراق ئەو کاتە دەبێتە نزیکەی (200) تریلیۆن دینار.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی: "بۆچوونی فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان وایه‌، بودجه‌ له‌ (120) تا (130) تریلیۆن دینار زیاتر نه‌بێت، له‌و كاته‌دا، (30 تا 40) تریلیۆن له‌ كورتهێنان داده‌به‌زێنرێت، چه‌ند بڕگه‌یه‌كمان هه‌یه‌ زیادی بكه‌ین، داهاتی عێراق (97) تریلیۆن دینار دانراوه‌، ئه‌و چاكسازیانه‌ی زیادی ده‌كه‌ین، (15 تا 20) تریلیۆن دێته‌ سه‌ر داهاتی عێراق، واتا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت كورتهێنان له‌ (15 تا 20) تریلیۆن دینار زیاتر بێت".

هه‌ركاتێك عێراق قەرزی کردبێت، بۆ پرسێکی دیاریکراوی دارایی بووە و پەرلەمان یاسای تایبەتی بۆ دەرکردووە، بەڵام لە نێو پرۆژە بودجەی ساڵی (2021)دا جگە لە دەستنیشانکردنی ئەو بانکانەی، کە دەیەوێت قەرزیان لێبکات، ئەنجومەنی وەزیران مەبەستی قەرزەکەی دیاری نەکردووە، تەنیا ئاماژە بەوە کراوە، کورتھێنانی پێ پڕدەکاتەوە، ئەمەش جێی پرسیاری لیژنەی داراییە و داوای رونکردنەوە لە حکومەت دەکات.

ھودا سەجاد، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی نەسر گوتی: "ھەموو قەرزێك یاسای خۆی ھەیە، بەڵام لە بودجەی (2021) کۆمەلێك قەرز ئاماژەی پێکراوە، به‌بێ ئەوەی ھیچ پێوەرێك بۆ دابەشبکرنی بەشێوەیەکی ھاوسەنگ و دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکاندا ھەبێت، بۆیە دەبێت ئەو قەرزانەی لە پڕۆژە بودجەکەدا ھاتووە، بگەڕێتەوە حکومەت و بە وردی روونیبکەنەوە، کە بۆچ مەبەستێکە و لەکێ قەرزی دەکەن".

خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە بودجەی (2021) کراوە و چاوەڕوان دەکرێت، لیژنەی دارایی جارێکی دیكه‌ وردبینی بۆ ھەر (58) ماددەکە بکات، پاشان بە راپۆرتێك سەرۆکایەتی پەرلەمان لە تەواوی کێشە و ماددە ناڕوونەکانی بودجە ئاگادار دەکەنەوە، بۆ ئەوەی ھەمواری ماددە بە ماددە دەستپێدەکەن و داخوازییە داراییەکانی ھەموو جومگە ئیدارییەکانی تێدا جێگیر بکەن.

د.ی