مەسرور بارزانی: هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ دابینکردنی مووچە
سەرۆکی حکومەت لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان کۆبووەوە
K24 - هەولێر
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە بەشێکی گوتەکانیدا باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و، گوتی "پێویستە بابەتی مووچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی".
بەپێی راگەیەندراوێکی حکومەت لەبارەی کۆبوونەوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت تیشکی خستووەتە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
سەبارەت بە مووچە، سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە "پێویستە بابەتی مووچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و نابێت مووچە بکرێتە کارتێکی فشار لەدژی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی برسیکردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێم بەکاربهێنرێت".
مەسرور بارزانی هەروەها دەڵێ: هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ لەپێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
دەقی راگەیەندراوەکە:
ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/1/20 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن. بۆ ئەم مەبەستەش، هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت. سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە پێویستە بابەتی مووچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و نابێت مووچە بکرێتە کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی برسیکردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێم بەکاربهێنرێت.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کارنامەی حکومەتی هەرێمدا بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی باجەکان و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ. گوتیشی هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئاماژەشی بە گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.