هەولێر بە ئامادەبوونی هاندەرانی میوانداری زەوڕا دەکات
سبەی سێ شەممەی لە بەردەوامی یارییەکانی گەڕی 25 لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری و بە ئامادەبوونی هاندەرەکانی کاتژمێر 15میوانداری یانەی زەوڕا دەکات.
یانەکەی قەڵا و منارە پێش ئەم یارییە لە دەرەوەی یاریگای خۆی، بەرامبەر یانەی نەفتی میسان بەبێ گۆڵ یەکسانبوو، بۆیە هەموو ئامانجیەتی سێ خاڵی ئەو یارییە بەدەست بهێنێت، بۆ ئەوەی زیاتر خۆی لە پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیک بکاتەوە.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە بە گشتی لە کۆی 24 یاری رابردووی، خاوەنی 15 بردنەوە و 5 بەرامبەربوون و هەروەها چوار دۆڕانە و بە کۆکردنەوەی 50 خاڵ، خانەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گرتووە و یەکێکە لە بەربژێرە بەهێزەکان بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە.
یانەکەی پایتەختی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا رووبەڕووی یانەی زەوڕا دەبێتەوە، یانە عێراقیەکە لە قۆناغی یەکەم لە یاریگای خۆی، توانی بە ئەنجامی 1-0 بردنەوە بەدەست بهێنێت، هەروەها یانەی هەولێر حەوت یارییە نەیتوانیوە لە رکابەرەکەی ئەمجارەی بباتەوە.
پێش یارییەکە سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی یانەی هەولێر، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی باسی لە هاندەران کرد و گووتی '' خۆشبەختانە دوای ماوەیەکی زۆر هاندەرەکانیان بەهۆی دۆخێکی تایبەت کە دابڕا بوون لێمانەوە، لەم یارییە دەتوانن لە یاریگا ئامادەبن و گەڕانەوەیان بۆ ئێمە کاریگەری زۆر باشی دەبێت، هەروەها هەندێکجار بەهۆی ئاژاوەگێری چەند هاندەرێک یارییەکانمان بەبێ هاندەر بەڕێوەچووە، بۆیە داوا لە سەرۆکی دەستەی هاندەران دەکەم رێگە بەو کەسانە نەدەن ئەو هەلە بقۆزنەوە و جارێکی دیکە هاندەران تووشی سزا بکەنەوە ''.
لە حەوت یاری رابردووی نێوان هەردوو یانەی، یانەی زەوڕا خاوەنی 6 بردنەوە و بەرامبەربوونێکە و دوایین بردنەوەی هەولێر بەرامبەر زەوڕا، ساڵی 2022 لە یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری، کە توانیان بە ئەنجامی 1-0 براوەی یارییەکە بن.
بۆ ئەم یارییەش هاوشێوەی دووە یاری رابردوو، شێرزۆد تەیمیرۆڤ یاریزانی یانەی هەولێر و باشترین گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەهۆی پەیوەندی کردن بە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەشداری ناکات، بەڵام ئەو یاریزانە ئۆزباکستانیە بۆ یاری داهاتوو ئامادە دەبێت.