ئۆجەلان: پێشهاتەکانی ئێران نیشانیان دا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا رەوا و گرنگە
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە. روونیشی کردەوە، پێشهاتەکانی ئێران جارێکی دیکە نیشانیان دا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا رەوا و گرنگە.
سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رێگەی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ـیەوە پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە. شاندەکە پێش سێ رۆژ سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردبوو.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە و هۆکاری کێشەکان تەنیا بۆ نەبوونی دیموکراسی دەگەڕێتەوە و چارەسەریش بەهێزکردنی کۆمارە لە رێگەی سیستمی دیموکراسییەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئۆجەلان ئاماژەی بەوە دا، نابێت بە شێوەیەکی تەسک لەم کێشە گەورەیە نزیک ببنەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن، لەبەرئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلانی قووڵ هەن و سەرەڕای بوونی هەندێک پێشکەوتنی ئەرێنی لە رەوشی سووریا، بەڵام ئێستا شەڕی ئێران لە رۆژەڤدایە.
هەروەها روونیشی کردەوە، دوای شەڕی ئێران سێ هێڵ دەرکەوتوون، یەکەمیان هێڵی ئیسرائیلە و دووەمیان هێڵی هەندێک هێزی نێودەوڵەتی و هەرێمییە بە پێشەنگایەتیی بەریتانیا و ئامانجیان پاراستنی دۆخی ئێستایە، سێیەمیان هێڵی دیموکراسی و ژیانی هاوبەشە و لە رێگەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە ئەو هێڵە دەپارێزن.
ئەوەشی خستە روو، پێشهاتەکانی ئێران جارێکی دیکە نیشانیان دا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا رەوا و گرنگە، بۆیە چارەسەری لەسەر هێڵی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا بونیاد دەنێن، لەبەرئەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو ناوچەیە رەگ و ریشەی مێژوویی قووڵی هەیە.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، وەک لە بانگەوازی 27ـی شوباتدا دیاری کردووە، سەردەمی خەباتی چەکداری بەتەواوی کۆتایی هاتووە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1999ـەوە لە دوورگەی ئیمراڵی لە تورکیا زیندانی کراوە و بە درێژایی ئەم ساڵانە چەندین جار هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی دانوستانەوە دراوە. لە ماوەی رابردوودا پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێکردووەتەوە و دەم پارتیش رۆڵی سەرەکی لە گەیاندنی پەیامەکانی نێوان ئیمراڵی و دەرەوە دەگێڕێت.
پێشتریش لە مانگی شوباتدا ئۆجەلان بانگەوازێکی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری راگەیاندبوو و داوای کردبوو کێشەکان لە رێگەی خەباتی سیاسی و دیموکراسییەوە چارەسەر بکرێن. ئەم پەیامە نوێیە لە کاتێکدایە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ململانێکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی چڕتر بوونەتەوە.