ناتانیاهۆ: بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ هیچ کاتێک دانانێم
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی توانیویەتی کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و سەنتەرفیوجەکانی ئێران لەناو ببات، جەختیش دەکاتەوە کە هیچ وادەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی دژ بە تاران دیاری ناکەن و داواش لە دۆناڵد ترەمپ دەکات تاوەکو تەواوکردنی ئەرکەکەیان، هاوکارییان بکات.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئێران مووشەکی ئاراستەی ئۆرشەلیم کردووە، کە شارێکی دێرینە؛ ئەو وڵاتە بێ جیاوازی هێرش دەکاتە سەر مزگەوت، کڵێسا و کنێست. ئێران سەرکێشترین وڵاتی ناوچەکە و پشتیوانێکی سەرسەختی تیرۆر بووە، بە هەزاران ئەمریکی بە دەستی ئێران کوژراون و هەمیشە دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا و مەرگ بۆ ئیسرائیلیان بەرز کردووەتەوە."
ناتانیاهۆ گوتیشی: "بۆ ماوەی 47 ساڵ ئەم رژێمە هێرشی دەکردە سەر ئەمریکا. من هیچ دوژمنێکی ئەمریکام نەبینیوە بەو شێوەیە بڵێت مەرگ بۆ ئەمریکا، نە رووسیا، نە چین و نە کۆریای باکوور دروشمی لەو شێوەیان نییە. ئێران دەیویست ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی کیشوەربر تاوەکو هێرش بکاتە سەر ئەمریکا، هەر بۆیە سەرۆک ترەمپ بڕیاری هێرشیدا."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دا لە مەترسیی مووشەکەکانی تاران و گوتی: "دوورگەی دیێگۆ گارسیا 4000 کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە و مووشەکی ئێران گەیشتووەتە ئەوێ، رژێمەکە ئێستا مووشەکی هەیە دەگاتە ئەوروپا، بۆیە دەبێت هەمووان دژی ئەم هەڕەشەیە بەئاگا بێنەوە."
سەبارەت بە زیانەکانی ئێران و هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن، ناتانیاهۆ رایگەیاند: "ئێمە کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و سەنتەرفیوجەکانمان لەناو بردووە، بەڵام ئێستا سەرنجی سەرۆک ترەمپ لەسەر ئەوەیە دەست بەسەر یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەدا بگرێت و بیباتە دەرەوەی ئەو وڵاتە. ئێران بەبێ بوونی چەکی ئەتۆمی هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە و قوبرس؛ بیربکەنەوە ئەگەر ئەم رژێمە چەکی ئەتۆمی هەبێت چی روودەدات."
لە کۆتاییدا ناتانیاهۆ گوتی: "من لەو باوەڕەدام رژێمی ئێران لە ناوخۆوە دەڕووخێت، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی. هیچ کاتێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی دژ بە ئێران دانانێم و دەمانەوێت سەرۆک ترەمپ زوو واز نەهێنێت و لە کۆتاییهێنان بە ئەرکەکەمان لە ئێران هاوکاریمان بکات."