چین: سێ کەشتیمان گەرووی هورمزیان تێپەڕاند و داوای راگرتنی جەنگیش دەکەین
وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، سێ کەشتیی وڵاتەکەیان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون و داواشی لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد دەستبەجێ پرۆسە سەربازییەکانیان رابگرن.
سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا سێ کەشتیی چینی بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕیون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەش کرد، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەن کە هاوکارییان کردوون بۆ ئاسانکاری لە تێپەڕبوونی کەشتییە چینییەکان.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی چین روونیشی کردەوە، وڵاتەکەیان ئامادەیە بۆ بەردەوامبوون لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە بەشێکی دیکەدا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان لە ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە بپارێزن و ئەوەشی خستە روو، چین بەتووندی دژی هەر هێرشێکی چەکدارییە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
لە کۆتاییدا وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە دا، هانی لایەنە شەڕکەرەکان دەدەن و بەتایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەوەی دەستبەجێ پرۆسە سەربازییەکانیان رابگرن.
لە ماوەی رابردوودا گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە و هەر ئاڵۆزییەک لەو ناوچەیەدا مەترسی لەسەر ئابووریی جیهان دروست دەکات.
چین وەک یەکێک لە گەورەترین هاوردەکارانی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەردەوام هەوڵ دەدات بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی لە ناوچەکەدا بپارێزێت و رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر بکات.
هاوکات هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نیگەرانیی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە و پەکینیش چەندین جار هۆشداریی داوە لە تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکە و داوای چارەسەری ئاشتییانەی قەیرانەکانی کردووە.