جەنگی شاراوەی ئەمریکا و چین لە گەرووی هورمز

لە کاتێکدا هەموو چاوەکان لەسەر ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز و بازاڕی نەوتی جیهانییە، جەنگێکی شاراوە لە نێوان زلهێزەکاندا لەو ناوچەیە بەڕێوەدەچێت، ئەویش جەنگی گازی "هیلیۆم"ـە؛ گازێک کە بەبێ ئەو تەکنەلۆژیای سەردەم پەکدەکەوێت و بووەتە خاڵی ململانێی سەرەکی لە نێوان چین و ئەمریکادا.

جەنگی نێوان ئەمریکا – ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، پێی نایە دووەم مانگی خۆی. لەو ماوەیدا بازاڕی جیهانیی نەوت و پشکەکان زیاترین ناجێگیریان بەخۆیەوە بینی. لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەو جەنگە لە رووکەشدا لە کەس شاراوە نییە، بەڵام جەنگیکی نهێنی لە گەرووی هورمز بەڕێوە دەچێت؛ جەنگی هیلیۆم، ئەو گازەی بە بێ ئەو، تەکنەلۆژیای سەردەم تووشی شۆک دەبێت.

گازی هیلیۆم (Helium) دووەم سووکترین و دووەم زۆرترین رەگەزە لە گەردووندا. کاتێک ئەو گازە دەکرێتە شل، پلەی گەرمی دەگاتە نزیک "سفری رەها" کە ئەمەش لە زانستدا زۆر گرنگە. 
هیلیۆم لە تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتوودا بەکاردێت، وەک پزیشکی، پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان، ئەلیکترۆنی، پیشەسازیی ژێر دەریا، باڵۆن و کەشتییە ئاسمانییەکاندا. 

گازێکی سووک، بەهایەکی زۆر 
چین لە رێگەی ئەو گازە سووکەوە، هاوکێشەی ئابووری و سیاسیی جیهانی گۆڕیوە و قورسایی تەرازووەکە لە بەرژەوەندی ئەودایە. ئەمەش بێگومان کاردانەی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە. 

چین یەکێکە لە گەورەترین بەکاربەرانی گازی هیلیۆم لە جیهاندا، چونکە ئەم وڵاتە ناوەندی پیشەسازییە تەکنەلۆژییە وردەکانە. 
ئەو وڵاتە هەوڵ دەدات لە دروستکردنی چیپی کۆمپیوتەر و مۆبایلدا، ببێتە یەکەمی جیهان. هیلیۆم لەم پرۆسەیەدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێ بۆ سارکردنەوەی خێرای پارچەکان و رێگریکردن لە کارلێکی کیمیایی نەخوازراو لە کاتی دروستکردنی چیپەکاندا.

ئێستا چین لە پەرەپێدانی کورەی ناوەکیی نەوەی چوارەمدا، پێشەنگی جیهانە. ئەو کورانە لە بری ئاو، بە گازی هیلیۆم سارد دەکرێنەوە. 
چین خاوەنی خێراترین شەمەندەفەری جیهانە کە بە تەکنەلۆژیای "سەروو گەیەنەر – Superconductivity" کار دەکات. ئەو خێراییە، پێویستی بە موگناتیسی زەبەلاح هەیە. ئەو موگناتیسانە زۆر زوو گەرم دەبن و گازی هیلیۆم، باشترین بژاردەیە بۆ ساردکردنەوەیان.  
بەرنامەی بۆشایی ئاسمانی چین (وەک گەشتەکانی مانگ و دروستکردنی وێستگەی ئاسمانی) بەبێ هیلیۆم پەککەوتە دەبێت. لە ناو موشەکەکانی "Long March"، هیلیۆم بەکاردێت، چونکە تەنیا گازێکە کە لەو سەرمایە زۆرەدا نایبەستێت.

چین لە رێگەی ئەو پیشەسازییانەی کە پشت بە هیلیۆم دەبەستن، توانیویەتی کۆنترۆڵی بەشێکی گەورەی ئابووری جیهان بکات. ئەو وڵاتە لەو رێگەیەوە توانیویەتی 40%ی بازاڕی جیهانیی کاڵا ئەلیکترۆنییەکان (مۆبایل، لاپتۆپ، تەلەفزیۆن) بەدەستەوە بگرێت. هەروەها زیاتر لە 50%ی بازاڕی جیهانیی شاشەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و 60%ی بازاڕی پاتری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، 20%ی ئامێرە پزیشکییەکان و 30%ی تەکنەلۆژیای وزەی نوێ بۆ گەشەپێدانی کورەناوەکییەکانی کۆنتڕۆڵ کردووە. 

کێشە ستراتیژییەکە؛ خاڵی لاوازی چین
سەرەڕای ئەوەی چین لە بەرهەمهێناندا پێشەنگە، بەڵام لە دەستکەوتنی گازی هیلیۆم خۆی دەستکورتە. 90%ی هیلیۆمی جیهان لە وڵاتانی وەک ئەمریکا، قەتەر و رووسیا بەرهەم دێت.
ئەمە خاڵە لاوازەکەیە کە ئەمریکا گرەوی لەسەر کردووە. چونکە ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گازی هیلیۆم لەسەر چین بگرنەوە، زیاتر لە 30%ی تەواوی ئابووری ئەو وڵاتە کە پەیوەستە بە تەکنەلۆژیای بەرز، مەترسی وەستانی لەسەر دەبێت.
چین بۆ دابینکردنی هیلیۆم، پشت بە وڵاتانی ئەمریکا، قەتەر و رووسیا دەبەستێت.

قەتەر، گەورەترین دابینکەری چینە بۆ کڕینی گازی سروشتی شل (LNG) کە هیلیۆمیشی لەگەڵدایە هەروەها دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری هیلیۆمە لە جیهاندا و نزیکەی 40%ی پێداویستی جیهان دابین دەکات.

چین کە رێککەوتنی لەگەڵ قەتەردا هەیە، گازەکەی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دەگوازێتەوە؛ ئەو گەروویەی ئێستا بەهۆی جەنگەوە بە رێژەیەکی بەرچاو هاتوچۆی بازرگانی تێدا وەستاوە، ئەمەش وەک گرتنی قوڕگی بەشێک لە پیشەسازی و ئابووریی چین وایە.

پلانی جێگرەوە 

دەسەڵاتدارانی بەیژینگ ئەم خاڵە لاوازەیان لەبەرچاوە، بۆیە پلانی جێگرەوەیان بۆ دابینکردنی گازی هیلیۆم داناوە. لەو چوارچێوەیەدا، چین لە چەند ساڵی رابردوودا دەستی کردووە بە دروستکردنی کارگەی تایبەت بۆ جیاکردنەوەی هیلیۆم لە کێڵگە گازییەکانی ناوخۆی؛ هەروەها بەهۆی گرانیی نرخەکەی، لە کارگە گەورەکان و نەخۆشخانەکانیدا سیستەمی دووبارە بەدەستهێنانەوە بەکاردەهێنێت و ئەو هیلیۆمەی لە کاتی کارکردندا دەبێتە هەڵم، کۆدەکرێتەوە و دووبارە دەکرێتەوە بە شل تاوەکو بەفیڕۆ نەچێت.

چین بەمە نەوەستاوە و زۆر دوورتر دەڕوانێت، ئێستا لەو وڵاتەدا تاقیکردنەوە بۆ دەرهێنانی هیلیۆم لەو گازانە دەکرێت کە لە کاتی گۆڕینی خەڵووز بۆ گاز دروست دەبن. هاوکات بەیژینگ لە رێگەی پڕۆژەی "چانگ-ئە" بۆ گەڕان لەسەر مانگ، لێکۆڵینەوە لەسەر "هیلیۆم-3" دەکات؛ چونکە مانگ بڕێکی خەیاڵی لەو جۆرە هیلیۆمەی تێدایە کە دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە سەرچاوەی سەرەکیی وزەی ناوەکی بۆ هەموو زەوی.

بۆچی هیلیۆم زۆر کەمە؟ 

هیلیۆم هێندە سووکە کە هێزی راکێشانی زەوی ناتوانێت بیگرێتەوە؛ کاتێک باڵۆنێک دەتەقێت یان گازەکە دەچێتە هەواوە، بە تەواوی بەرەو بۆشایی ئاسمان دەڕوات و بۆ هەمیشە لەدەست دەچێت. ئەو گازە لە ئەنجامی شیبوونەوەی تیشکدەری یۆرانیۆم لە ژێر زەویدا دروست دەبێت، کە پرۆسەیەکە ملیۆنان ساڵ دەخایەنێت، تەنیا لە کاتی دەرهێنانی گازی سروشتیدا بە بڕێکی زۆر کەم بەدەست دێت.

لە رووی تەکنیکیشەوە، تەنیا چەند وڵاتێکی کەم وەک ئەمریکا، قەتەر، رووسیا و جەزائیر، خاوەنی کارگەی پێشکەوتوون بۆ جیاکردنەوەی هیلیۆم لە گازی سروشتی. هاوکات بەهۆی کەمیی سەرچاوەکان، زیادبوونی خواست و کێشە جیۆپۆلیتیکییەکان، نرخی هیلیۆم بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.