تۆمی پیگۆت: گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و بڕیاردراوە ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات بۆ زیاتر لە مانگێک درێژ بکرێتەوە.
هەینی 15ـی ئایاری 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پریامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد واشنتن لە رۆژانی 14 و 15ـی ئایاردا میوانداریی دوو رۆژ گفتوگۆی "زۆر بەرهەمدار"ی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان کردووە. لە ئەنجامدا، بڕیاردراوە ئاگربەستەکەی 16ـی نیسانی رابردوو بۆ ماوەی 45 رۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە، تاوەکو دەرفەتی زیاتر بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بڕەخسێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، پرۆسەی گفتوگۆکان بە دوو رێڕەوی جیاواز بەردەوام دەبن لە 29ـی ئایاردا لە باڵەخانەی پێنتاگۆن بە بەشداریی شاندە سەربازییەکانی هەردوو وڵات دەستپێدەکات؛ هاوکات لە 2 و 3ـی حوزەیرانی داهاتوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستپێدەکاتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا هیواخوازە ئەم گفتوگۆیانە ببێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام، داننان بە سەروەریی خاکی یەکتری و دابینکردنی ئاسایشێکی راستەقینە لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان.
هەینی 8ـی ئایاری 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رۆژانی 14 و 15ـی ئایاری 2026، ئاسانکاری بۆ ئەنجامدانی دوو رۆژ دانوستانی چڕ لە نێوان نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان دەکات.
هەینی 24ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کردبوو لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگی لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان ئەنجامداوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، مایک هەکەبی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل و میشێل عیسا باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان ئامادە بوون.
ترەمپ رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و ئەمریکا پابەندە بە هاوکاریکردنی حکوومەتی لوبنان بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی لە بەرانبەر حزبوڵڵادا. وەک دەرەنجامی کۆبوونەوەکەش، بڕیار درا ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ ماوەی سێ هەفتەی دیکە درێژ بکرێتەوە.
سێشەممە، 14ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، میوانداری کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی مێژوویی کرد بە ئامادەبوونی شاندی باڵای ئیسرائیل و لوبنان بە چاودێریی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.