هەولێر بۆ چوارەم ساڵ لەسەر یەک نەیتوانی لە زەوڕا بباتەوە

هەولێر - زەوڕا
هەولێر - زەوڕا

یانەی هەولێر لە بەردەوامی یارییەکانی گەڕی 25 خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری میوانداری یانەی زەوڕای کرد، لە کۆتاییدا یارییەکە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی هات.

یانەی هەولێر دوای یەکسانبونەکەی یاری گەڕی رابردوو بەرامبەر نەفتی میسان لە دەرەوەی یاریگای خۆی، ئەمجارەشیان بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانی لە یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، میوانداری یانەی زەوڕای کرد. نیوەی یەکەمی یارییەکە هیچ کام لە یاریزانەکانی هەردوولا، سەرکەوتوو نەبوون لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵەکان و 45 خولەکی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.

نیوەی دووەم یارییەکە گەرمتر بوو و لە خولەکی 52 مایکل نیکۆل توانی بە ئاسیستی کریستیان گۆڵی یەکەمی هەولێر بکات. دوای ئەم گۆڵە لە خولەکی 65 هێرشبەرە ئۆروگواییەکە گۆڵی دووەمیشی بۆ یانەکەی قەڵا و منارە کرد، بەڵام ڤار گۆڵەکەی بە بیانۆی بەرکەوتنی تۆپ بەردەستی رەتکردەوە.

یارییەکە بەردەوام بوو و لە خولەکی 71 یاریزانانی زەوڕا، سوودیان لە بۆشاییەکی بەرگریکارانی هەولێر بینی و برایان توانی گۆڵی یەکسانبوون بۆ یانەی میوان بکات و لە کۆتاییشدا یارییەکە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی دێت.

بەم شێوەیە هەولێر جارێکی دیکە نەیتوانی لە زەوڕا بباتەوە و دوایین بردنەوەشیان بەرامبەر ئەو یانەیە، نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر بوو لە یاریگای خۆی. بەم ئەنجامە هەولێر کۆی خاڵەکانی گەیاندە 51 خاڵ و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی مایەوە، لە بەرامبەردا زەوڕا ئەو یانەیەش بووە خاوەنی 46 خاڵ و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی دێت.