نەورۆز سێ خاڵی گرنگی بەرامبەر نەفتی میسان بەدەستهێنا
یانەی نەورۆز لە گەڕی 25 خولی ئەستێرەکانی عێراق بە سەرکردایەتی وەلی کەریم راهێنەری یانەکەی، توانی لە یاریگای خۆی ئانفێڵدەکەی کوردان سێ خاڵی گرنگ، بەرامبەر یانەی نەفتی میسان بەدەست بهێنێت.
نەورۆز دوای سێ بردنەوەی لەسەر یەک بەرامبەر یانەکانی ( ئەمانە و قاسم و هەروەها غەراف ) ئەمجارەیان لە گەڕی 25 خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یاریگای خۆی میوانداری یانەی نەفتی میسانی کرد، لە کۆتاییدا توانیان یارییەکە بە ئەنجامی 2-0 لە میوانەکەیان ببەنەوە.
یاریزانانی یانەی نەورۆز هەر لە نیوەی یەکەم توانیان ئەنجامی یارییەکە یەکلایی بکەنەوە، دوای ئەوەی نیتۆ ئاکارا و محەمەد رەزا توانیان دوو گۆڵ بۆ یانەکەیان بکەن و سێ خاڵی یارییەکە بۆ یانەکەیان یەکلایی بکەنەوە.
بەم بردنەوەیە یانەی نەورۆز کۆی خاڵەکانی گەیاندە 37 خاڵ و بۆ پلەی نۆیەمی ریزبەندی سەرکەوتن، هەروەها وەلی کەریم راهێنەری یانەکە توانی یازدەیەم بردنەوە بۆ یانەکەی بەدەست بهێنێت و نەورۆز چوارەم بردنەوەی لەسەر یەکیشی تۆمار کرد.