هێگسێت: گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن، بەڵام بژاردەی هێرشی زەمینی لەسەر مێزە

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا

وەزیری جەنگیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کە گفتوگۆکان لەگەڵ تاران بەردەوامن، بەڵام هۆشداریی دا ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، هێرشەکان بەردەوام دەبن و ترەمپ بژاردەی هێرشی زەمینیش لەسەر مێزە.

سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: واشنتن ئامادەیە بەردەوام بێت لە هێرشەکانی ئەگەر ڕێککەوتنێک نەکرێت.

جەختی لەوە کردەوە کە ترەمپ "هیچ بژاردەیەک رەت ناکاتەوە"، لەوانەش ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو ئێران"، هەروەها "رێگەیەکی زۆر هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە". دەشڵێت: کە جەنگەکە بە مەرجەکانی واشنتن کۆتایی دێت.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و واشنتن دەیەوێت لە رێگەی رێککەوتنەوە کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و ترەمپ ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێک

بەڵام جەختی کردەوە کە هێزی ئەمریکا لە زیادبووندایە و ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، هێرشەکان توندتر دەبن. هێگسێت گوتیشی: "ئێمە زۆر لە سەرکەوتن نزیکین، بژاردەکانمان زۆرن و بژاردەکانی ئێران کەم بوونەتەوە، ئێستا سەرکردەکانیان لە ژێرزەمینەکاندا خۆیان حەشارداوە."

لە لایەکی دیکەوە دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان زیاتر لە 11 هەزار ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە. 

کەین ئاماژەی بەوە کرد، کە هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی تێکشکێندراوە، لەوانە 150 کەشتیی جەنگیان لە نێو بردووە.

هەروەها بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کرد، کە ئاگاداری ئەوەن هەندێک وڵاتی رکابەر زانیاریی هەواڵگری دەدەنە ئێران، بەڵام جەختیان کردەوە کە ئەمریکا بەردەوام شوێنی هێزەکانی دەگۆڕێت و پلانەکانی بۆ لەناوبردنی کارگەکانی دروستکردنی درۆن، مووشەک و تاقیگە توێژینەوەییەکانی ئێران بەردەوامە. 

کەین گوتیشی: "جەنگەکە تەنیا بەو مەرجانە کۆتایی دێت کە واشنتن دایان دەنێت."

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.