نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی عێراق دەکات

نێچیرڤان بارزانی
نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی عێراق و هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێ کرد بەبۆنەی سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالی 2026 و کۆتاییهێنان بە چاوەڕوانییەکی 40 ساڵە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ـی نیسانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، "بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ مۆندیالی 2026 دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەی پۆلیڤیا بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە یەک گۆڵ لە مەکسیک، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم رۆڵەکانی گەلی عێراق و وەرزشوانان و یاریزانانی هەڵبژاردەکە دەکەم".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، "ئەم دەسکەوتە مێژووییە دوای چاوەڕوانییەکی 40 ساڵە هاتووەتە دی، هەروەها مژدەیەکی خۆش و جێگەی شانازییە بۆ هەموو عێراقییەکان".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی، دەستخۆشی لە سەرجەم ئەندامانی هەڵبژاردەکە دەکات کە بەهۆی هەوڵ و دڵسۆزییانەوە خەونی گەیشتن بە مۆندیالیان کردە راست.

لە کۆتاییدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە مۆندیال خواست، هاوکات ئومێدی خواست ئەم بردنەوەیە ببێتە هاندەرێک بۆ بەدیهێنانی تەبایی و خۆشی بۆ هەموو لایەک.

هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێی عێراق لە مێژووی خۆیدا تەنیا یەک جار بەشداریی لە مۆندیال کردووە. ئەویش لە ساڵی 1986 بوو لە وڵاتی مەکسیک. 

دوای 40 ساڵ لەو بەشدارییە، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ـی نیسانی 2026، جارێکی دیکە هەڵبژاردەکە توانی بلیتی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بەدەست بهێنێت. لە پاڵاوتنەکاندا عێراق توانی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر بە یەک گۆڵ لە پۆلیڤیا بباتەوە و راستەوخۆ بگاتە مۆندیال. 

مۆندیالی 2026 بە هاوبەشی لە سێ وڵاتی کیشوەری ئەمریکای باکوور بەڕێوە دەچێت و هەریەک لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک میوانداریی یارییەکان دەکەن.