گرووپی سەردار راگەیەندراوێکی لەسەر هێرشکردنە سەر کۆگای رۆنی کاسترۆڵ بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، گرووپی کۆمپانیاکانی سەردار راگەیەندراوێکی لەسەر هێرشکردنە سەر کۆگای رۆنی کاسترۆڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کاتژمێر 7:20 خولەکی بەیانی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرش کرایە سەر کۆگای رۆنی کاسترۆڵ.
بەپێی راگەیەندراوی بەشی راگەیاندنی گرووپی سەردار، هێرشی یەکەم لە کاتژمێر 7:20ـی بەیانی لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدرا، هێرشی دووەمیش لە کاتی هەوڵەکانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، جارێکی دیکە شوێنەکە کرایەوە ئامانج. راشیگەیاند، هێرشی سێیەم بۆ سەر هەمان شوێن کرا.
گرووپی سەردار و کۆمپانیای کاسترۆڵ جەختیان لەوەکردەوە کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە ململانێ سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەوە نییە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، چالاکییەکانی ئێمە تەنیا لە چوارچێوەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریدایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئێمە بەردەوامین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانمان بە هاووڵاتییان لە سەرجەم پارێزگاکاندا."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم کۆگایانە تایبەتن بە دابینکردنی زەیتی ئۆتۆمبێل، ئامێرە کشتوکاڵییەکان و کەرەستەکانی بیناسازی، ئامانجیان تەنیا دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ و بەردەوامیدانە بەو خزمەتگوزارییانەی پەیوەستن بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان و کەرتە زیندووەکانی وڵات.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی نیسانی2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24ـی رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کراوەتە سەر کۆگایەکی رۆنی ئۆتۆمبێل و بەو هۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە.
پارێزگاری هەولێر، گوتی: "هێرشی یەکەم لە کاتژمێر 7:30ـی بەیانی ئەنجامدراوە. دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام لە کاتژمێر 8:40 خولەک و لە کاتی سەرقاڵبوونی تیمەکان بە کارەکانیان، جارێکی دیکە لە رێگەی درۆنی دووەمەوە هێرش کراوەتەوە سەر هەمان شوێن."
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، زنجیرە هێرشەکان بەردەوام بوون و لە کاتژمێر 10:20 خولەکی پێشنیوەڕۆ بۆ جاری سێیەم درۆنێکی دیکە لە شوێنی ئاگرەکەیداوە. بە گشتیی 3 درۆن لە کۆگاکەیان داوە و درۆنێکی دیکەش پێش پێکانی ئامانجەکەی، لە ئاسماندا تەقێندراوەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای شوێنی رووداوەکە، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگریی شارستانی، داواکراوە لە شوێنی رووداوەکە دووربکەونەوە، چونکە بەهۆی سێ جار بۆردومانکردن و گەورەیی قەبارەی ئاگرەکەوە، هیچ شتێک لەناو کۆگاکەدا نەماوە نەسوتابێت."
ئومێد خۆشناو رایگەیاند،؛ بەهۆی مەترسییەکان و نەبوونی هیچ شتێکی رزگارکراو لەناو کۆگاکەدا، ئێستا تیمەکان چاوەڕێ دەکەن ئاگرەکە خۆی بکوژێتەوە.