شاندی پارتی و سوودانی جەخت لە یەکلاکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان دەکەنەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامی راوێژەکان کردەوە بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان.

چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند؛ محەمەد شیاع سوودانی، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتی وڵات تاوتوێ کرا و جەخت لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان کرایەوە، بە مەبەستی یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرانبەر ئەو ئاڵنگارییانەی بەهۆی رووداوە خێراکانی ناوچەکەوە هاتوونەتە ئاراوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە کاروباری سیاسی ناوخۆیی کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی بەردەوامی راوێژەکان بۆ یەکلاکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان، بە تایبەتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بە شێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی هیوا و خواستەکانی تەواوی پێکهاتەکانی گەلی عێراق بێت.