عەممار حەکیم: دیالۆگ تاکەڕێگەی چارەکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانە

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، دەڵێت: لە رێگەی دیالۆگ دەتوانرێت هەموو ئاستەنگ و کێشە سیاسییەکان چارە بکرێن، بەڵام بەو مەرجەی ئیرادەیەکی جیددی هەبێت.

چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بڵاوی کردەوە، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتەکە، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی کرد.

لە دیدارەکەدا پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق، ناوچەکە و رێگاکانی یەکلاکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، عەممار حەکیم ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق قۆناغێکی گرنگی لە بەدیهێنانی سەقامگیریدا بڕیوە و پێویستە پارێزگاری لێ بکرێت.

هەروەها داوای لە لایەنە کوردییەکان کرد کە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکبکەون، چونکە ئەوە ئەرکی لایەنە سیاسییەکانی دیکەش ئاسان دەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەکیم جەختی لە پێویستی راگرتنی شەڕ و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە کردەوە و رایگەیاند: "دیالۆگ دەتوانێت هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارە بکات، بەو مەرجەی ئیرادە و جیدییەت لای لایەنە پەیوەندیدارەکان هەبێت."