ئێران پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکای کردە ئامانج
ئاژانسی ( تەسنیم )ـی ئێرانی، بڵاویکردەوە، لە شەپۆلی 89ـی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆی 4 دژی چەند ئامانجێک لە ئیلات، تەلئەڤیڤ و بەنی براک جێبەجێ کرا و پێگە سەربازییەکان و شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکای ئیسرائیلی کراونەتە ئامانج.
چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی ( تەسنیم )ـی ئێرانی، جێبەجێکردنی شەپۆلی 89ـی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆی 4"ـی راگەیاند، ئاماژەی بەوەکردووە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا چەندین پێگەی سەربازی و شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە شارەکانی ئیلات، تەلئەڤیڤ و بەنی براک کرانە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هەماهەنگی و بەشداری هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و "بەرەی مقاوەمە" لەژێر ناوی "یا موسى کلیم الله" ئەنجامدراوە، تیایدا زیاتر لە 100 مووشەکی قورس و درۆنی هێرشبەر، لەگەڵ 200 مووشەکی بالیستی لە مەودای هەزاران کیلۆمەترەوە ئاراستەی ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان لە سەرتاسەری ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا و باکوور تاوەکو باشووری خاکی فەلەستین کراون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم ئۆپەراسیۆنە پێشکەش بە گیانی شەهیدانی بەرگری ئیسلامی یەمەن کراوە، هاوکات زیانی گەورەی بە هێزەکانی ئیسرائیل گەیاندووە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، حەشارگەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە بەحرەین کە 80 کەسی تێدابووە بە وردی پێکراوە، هاوکات لە بنکەی ئەلعەدەیری، گروپێکی تایبەت بە کاروباری ئامادەکردن و بەکارهێنانی هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا بە مووشەکی بالیستی کراونەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێک و زیانگەیشتن بە چەندین ئامێری دیکەی هێزە ئەمریکییەکان.
سوپای پاسداران رایگەیاندووە، یەکڕیزی گەلانی موسڵمان و هەماهەنگی بەرەکان لە رووبەڕووبوونەوەی دوژمنان، بە گەورەترین دەستکەوتی ئەم قۆناغە دادەنرێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، ئەم شەپۆلە هێرشانە بە هێز و بڕیارێکی تەواوەوە بەردەوام دەبن و لە داهاتوودا زانیاری و وردەکاری زیاتر بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.