ماکرۆن وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: فەرەنسا نابێتە بەشێک لە جەنگی دژی ئێران

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەشداری لەو جەنگەدا ناکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیان پێکردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە لەبارەی ئەو هێرشانەوە "ڕاوێژیان پێ نەکراوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی نیسانی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئێن ئەیچ کەی"ی ژاپۆنی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ تۆکیۆ رایگەیاند، "تەواو راستە کە فەرەنسا بەشداری لەو هێرشە سەربازییەدا ناکات کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان پێکردووە، چونکە راوێژمان پێ نەکراوە و ئێمە بەشێک نین لەو هێرشانە." گوتیشی، "ئەمە بابەتێکی نوێ نییە و هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستمان وابووە، بۆیە جێگەی سەرسامی نییە."

ئەم لێدوانەی ماکرۆن وەک وەڵامێک بوو بۆ ڕەخنەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە فەرەنسای تۆمەتبار کردبوو بەوەی "هاوکار نییە"، بەهۆی ئەوەی پاریس رێگری کردبوو لەوەی فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا کە کەلوپەلی سەربازییان بۆ ئیسرائیل دەگواستەوە، بە ئاسمانی فەرەنسادا تێپەڕ بن.

ترەمپ لە هەژماری خۆی لە "ترووس سۆشیاڵ" نووسیبووی: "فەرەنسا رێگەی نەدا ئەو فڕۆکانەی بەرەو ئیسرائیل دەچوون و کەرەستەی سەربازییان هەڵگرتبوو، بە ئاسمانەکەیدا بفڕن. فەرەنسا لە پرسی لەناوبردنی (جەزارەکەی ئێران) زۆر ناهاوکار بوو."

سەرۆککۆماری فەرەنسا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داوای ئاشتی و کەمکردنەوەی پەرەسەندنە سەربازییەکانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "تەنیا گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دەتوانێت کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر بکات."

سەبارەت بە پرسی وزە و گەرووی هورمز، ماکرۆن داوای کرد گەرووەکە بە شێوەیەکی رێکخراو و ئاشتییانە بکرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرەنسا و ژاپۆن و چەندین وڵاتی دیکەی ئاسیا و ئەوروپا دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە مسۆگەرکردنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، گوتیشی، "ئەمە بژاردەیەکی سەربازی نابێت، ئێمە دەتوانین ئەو رۆڵە بگێڕین تەنها لەبەر ئەوەی لایەن نین لەم جەنگەدا."

لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوو و داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە، نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر ئابووری جیهان.