ئەکسیۆس: ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆدان بۆ رێککەوتن لەسەر ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز
پێگەی ( ئەکسیۆس )ـی ئەمریکی لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرای کرد، واشنتن و تاران خەریکی تاوتوێکردنی پڕۆژە رێککەوتنێکی نوێن بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.
چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، پێگەی ئەکسیۆس لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە رایگەیاندووە، ناوەڕۆکی رێککەوتنە پێشنیارکراوەکە بریتییە لە راگەیاندنی "ئاگربەستێکی گشتگیر" لە بەرانبەردا، ئێران پابەند بێت بە دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکان و گەرەنتی کردنی ئاسایشی ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین خاڵە جیهانییەکانی گواستنەوەی وزە، هەروەها هەر جۆرە رێککەوتنێک لەو بارەیەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی جەنگ و سەقامگیربوونی بازاڕی نەوت لەسەر ئاستی جیهان.
تاوەکو ئێستا هیچ کام لە لایەنە فەرمییەکانی ئەمریکا و ئێران بە شێوەیەکی فەرمی وردەکاری ئەو گفتوگۆیانەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.