ئەنجوومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی داخراو دەربارەی گەرووی هورمز ئەنجام دەدات
ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرای کرد، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاریداوە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریی و داخراو سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز ئەنجام بدات.
چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرای کرد، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ گرتنەبەری کۆمەڵێک رێکاری ئابووری دژی ئێران، ئەمەش لە ئەگەرێکدا ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە داخستنی گەرووی هورمز و پەکخستنی هاتوچۆی دەریایی.
هەر لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکاندا، بڕیارە سبەینێ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین بکات دەربارەی بارودۆخی گەرووی هورمز.
ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیەی بەریتانیا چڕکردنەوەی هەوڵەکانە بۆ دۆزینەوەی رێگایەکی دیپلۆماسی و هەماهەنگی کردن لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە کەناڵی پەیوەندییان لەگەڵ تاراندا هەیە، بۆ ئەوەی رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری قەیرانەکە بگیرێت.