پزیشکیان بۆ گەلی ئەمریکا: ئێمە دوژمنایەتیی ئێوە ناکەین

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، پەیامێکی ئاراستەی گەلی ئەمریکا کرد و تیایدا جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ هاووڵاتیانی ئەمریکیدا نییە، بەڵکو ئەوە ئەمریکایە کە لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندا هێرشی کردووەتە سەر ئێران.

چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، پەیامێکی ئاراستەی گەلی ئەمریکا کرد، رایگەیاندووە،"ئێمە هیچ کینە و دوژمنایەتییەکمان بەرامبەر هاووڵاتیانی ئەمریکی نییە، جەختی کردەوە، گەلی ئێران دوژمنایەتی گەلانی دیکەی وەک ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ ناکات".

پزیشکیان گوتویەتی، "ئێمە هەرگیز دەستپێشخەریمان بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ نەکردووە، بەڵکو بە توندی و بوێرانە بەرپەرچی هەر دەستدرێژییەکمان داوەتەوە کە کراوەتە سەرمان، ئاماژەی بەوەش کرد، ناساندنی ئێران وەک هەڕەشە پێچەوانەی مێژوو و راستییەکانە".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا پزیشکیان دەڵێت،" ئەمریکا دوو جار و لە کاتێکدا کە دانوستانەکان بەردەوام بوون، هێرشی سەربازیی ناڕەوای کردووەتە سەر ئێران".

سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەو هەنگاوانەی ئێران دەینێت، تەنیا پەرچەکردار و مافێکی رەوای بەرگری لەخۆکردنە و وەکو دەستدرێژی بۆ سەر کەس هەژمار ناکرێت.

لە بارەی کاریگەری ئەو هێرشانەی کراوەتە سەر ئێران پزیشکیان رایگەیاندووە، هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابووریی ئێران، راستەوخۆ گەلی ئێران دەکاتە ئامانج و لێکەوتە خراپەکانی ئەو هێرشانە لە سنوورەکانی ئێران تێدەپەڕێت و کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت.

ئەم پەیامەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کاتێکدایە، جەنگی نێوانیان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا پێی ناوەتە دوو مانگ، هاوکات بە هۆی هێرشەکانەوە عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و دەیان بەرپرسی سیاسی و سەربازی ئێران کوژراون، هەروەها لە وەڵامی ئەو هێرشانە ئێران بەردەوامە لە وەڵامدانەوەکانی و هێرشکردنە سەر وڵاتانی دروسێی بە بیانووی هەبوونی بنکە و بارەگای هێزەکانی هاوپەیمانن و ئەمریکا و ئیسرائیل.