درۆن کارگەیەکی خەڵووزی لە خەلیفان خاپوور کرد

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: فڕۆکەیەکی بێفڕکەوان لەسەر کارگەیەکی دروستکردنی خەڵووز لە سنووری شارەدێی خەلیفان تێکشکێندرا سەرەڕای زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، بورهان بلەیی خاوەنی کارگەکە بە بەکر سلێمان، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: ئەمە زوڵمێکی ئاشکرایە بەرانبەر بە ئێمە دەکرێت، ئێمە خەڵکێکی بێ کێشەین و تەنیا خەریکی کار و کەسابەتی خۆمانین تاوەکو بژێوی ژیانمان دابین بکەین، بەڵام بە ناحەق دەکرێینە ئامانج."

هەروەها ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوە دا، کارگەکە هەلی کاری بۆ هەشت کەس رەخساندبوو و هەموویان لێی سوودمەند دەبوون، بەڵام ئێستا پرۆژەکە بە تەواوی وێران بووە و هیچ ئاسەوارێکی پێوە نەمایە. گوتیشی: بەپێی خەمڵاندنەکان، بڕی 60 بۆ 70هەزار دۆلار زیانی ماددیم بەرکەوتووە."

پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند: شەوی رابردوو نزیکەی پێنج درۆن لە ئاسمانی سنووری قەزای خەلیفان بینراون، یەکێک لەو درۆنانە کەوتووەتە سەر کارگەیەکی خەڵووز لە (دۆڵی ئالانا) و بەو هۆیەوە کارگەکە بە تەواوی دارووخاوە.