پۆلیتیکۆ: ترەمپ لە گوتارەکەیدا سەرکەوتن بەسەر ئێران رادەگەیەنێت

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "پۆلیتیکۆ"، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا سەرکەوتنی سەربازی لە جەنگی ئێران رابگەیەنێت. ترەمپ لە کاتێکدا باس لە بەدیهاتنی تەواوی ئامانجە سەربازییەکان دەکات، پەیامێکی توند و بێپەردە ئاراستەی هاوپەیمانەکانی ناتۆ دەکات و هەڕەشەی کشانەوەی یەکجاریی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانییەکە دەکات

پۆلیتیکۆ ئاماژەشی داوە، دۆناڵد ترەمپ لە ژێر فشاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 100 دۆلار و دابەزینی ئاستی جەماوەریی لە راپرسییەکاندا، دەیەوێت جیهان دڵنیا بکاتەوە کە جەنگەکە بەرەو کۆتایی دەچێت. ستیڤ بانۆن، راوێژکاری پێشووی ترەمپ، دەڵێت سەرۆکی ئەمریکا بە شێوازی "هاتم، بینیم، سەرکەوتم" دەردەکەوێت و جەخت دەکاتەوە کە سوپای ئێران تێکشکاوە، بەڵام هاوکات بەرپرسیارێتیی پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە دەریاییەکان دەخاتە ئەستۆی وڵاتانی ئەوروپا و کەنداو.

هەر دوێنێ چوارشەممە ترەمپ لە پەیامێکی نوێدا لە "تروس" ئاشکرای کردووە کە ئێران داوای ئاگربەستی کردووە، بەڵام ئەو مەرجێکی قورسی داناوە و رایگەیاندووە: "تەنیا کاتێک بیر لە ئاگربەست دەکەینەوە کە گەرووی هورمز بە تەواوی کراوە، ئازاد و پاک بێت لە هەر هەڕەشەیەک." ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە واشنتن دەیەوێت بەبێ تێچووی زیاتر، کێشەی وزەی جیهانی یەکلایی بکاتەوە.

یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی گوتارەکەی، هێرشی توندی ترەمپ دەبێت بۆ سەر ناتۆ. سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "تەلەگراف" ناتۆی بە "پڵنگی سەر کاغەز" وەسف کردووە و هەڕەشەی کشانەوەی ئەمریکای کردووە.

تووڕەیی ترەمپ لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە وڵاتانی وەک ئیتاڵیا و بەریتانیا رێگەیان نەداوە فڕۆکە ئەمریکییەکان ئاسمانیان بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی دەڵێت: "ئەوان هەمیشە باسی ماددەی 5ی ناتۆ دەکەن (هێرش بۆ سەر یەکێک هێرشە بۆ سەر هەمووان)، کەچی کاتێک ئێران نیو سەدەیە سەربازەکانمان دەکوژێت و ئێستا هێرش دەکاتە سەر هاوپەیمانەکانمان، ئەوان نەک هەر هاوکار نین، بەڵکوو ئاسمانمان لێ دادەخەن."

لەلایەکی دیکەوە، سەرکردە ئەوروپییەکان بە وریایەوە لەم هەڕەشانەی ترەمپ دەڕوانن و پێیان وایە ئەمە تەنیا فشارێکی سیاسییە بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازی دارایی. بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: "ئەمریکا چیتر لەسەر بنەمای بەها و ئایدیۆلۆژیا بەرگری لە هاوپەیمانەکانی ناکات، بەڵکوو تەنیا پارە، دەستکەوتی ئابووری و سازشی سیاسی لای ئەوان گرنگە."

ئەم گوتارە لە کاتێکدایە کە 2,500 سەربازی نوێی مارێنز لە رێگادان بۆ گەیشتن بە ناوچەکە. ترەمپ دەیەوێت لە رێگەی ئەم گوتارەوە هاوسەنگییەک لە نێوان نیشاندانی هێزی سەربازی و کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسی دروست بکات، تاوەکوو هەم بازاڕەکانی وۆڵ ستریت ئارام بکاتەوە و هەمیش خۆی وەک سەرۆکێکی سەرکەوتوو لە جەنگدا نیشانی دەنگدەرانی بدات بەر لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم.