رۆیتەرز: ئێران بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ داوای گەرەنتی دەکات
سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، کە وڵاتەکەی داوای ئاگربەستێکی گەرەنتیکراو دەکات تاوەکوو شەڕەکە بە یەکجاری و بۆ هەمیشە کۆتایی پێ بێت، جەختیشی کردەوە کە هیچ جۆرە گفتوگۆیەک بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی لە ئارادا نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، کە تاران تەنیا بە راگرتنی یەکجاریی جەنگ رازی دەبێت. سەرچاوەکە روونی کردەوە کە رۆژی سێشەممە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان پەیوەندییان بە ئێرانەوە کردووە و تەواوی گفتوگۆکانیش تەرخان کراون بۆ چۆنیەتی بەردەوامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، کە تاوەکوو ئێستا لە رێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە هیچ جۆرە گفتوگۆیەک سەبارەت بە ئاگربەستی کاتی یان راگرتنی جەنگ بۆ ماوەیەکی کورت ئەنجام نەدراوە. ئەم هەڵوێستەی تاران نیشانەی ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت گەرەنتییەکی بڕیاردەر بەدەستبهێنێت کە جارێکی دیکە هێرش نەکرێتەوە سەر خاکەکەی.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە چاوەڕوانی گوتارە گرنگەکەی ئەمشەوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات، کە بڕیارە تێیدا دواین پەرەسەندنەکانی شەڕی ئێران و ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.