سێنتکۆم ئاماری مانگێکی جەنگی بڵاوکردەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕاپۆرتی نوێی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاستی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران بە شێوەیەکی بێوێنە زیادی کردووە. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە 12 هەزار ئامانجی ستراتیژی پێکراون و هێزی دەریایی ئێران بەشێکی زۆری تواناکانی لەدەستداوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە ڕۆژی چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026 لە لایەن سێنتکۆمەوە بڵاوکراوەتەوە، لەوەتەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا، هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی واشنتن توانیویانە زیاتر لە 12,300 ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران بپێکن.

سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، تا ئێستا زیاتر لە 13,000 هێرشی ئاسمانیی ئەنجامدراون و هێزی دەریایی ئێرانیش زیانی کوشندەی بەرکەوتووە، بە جۆرێک 155 کەشتی و ژێردەریایی بە تەواوی تێکشکێندراون یان زیانی زۆر گەورەیان بەرکەوتووە.

سێنتکۆم ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستماتیکی پێکهاتەی ئەمنیی ڕژێمی ئێران داڕێژراوە. لە نێو ئەو شوێنانەی کە کراونەتە ئامانج، بریتین لە: ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، بارەگا سەرەکییەکانی سوپای پاسداران (IRGC)، بنکە هەواڵگرییەکان و سایتەکانی مووشەکی بالیستی. هەروەها سەرنجی سەرەکی خراوەتە سەر خاپوورکردنی کارگەکانی دروستکردنی درۆن و مووشەک، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و کۆگاکانی چەک لە ژێر زەویدا.

ئەمریکا نوێترین و پێشکەوتووترین کەرەستەی جەنگیی بەکارهێناوە، لە وانە بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری (B-1, B-2 Stealth, B-52)، فڕۆکە جەنگییەکانی (F-22, F-35) و جۆرە جیاوازەکانی درۆنی خۆکوژ و سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکیی (Patriot و THAAD). فەرماندەیی ناوەندی جەختی کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت بۆ لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەک کە مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایشی جیهانی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.