ئێران شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و دەنگی تەقینەوە لە تاران بیسترا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی نیسان 2026، هێرشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل قۆناخێکی نوێی توندییان بەخۆیەوە بینی. میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، هاوکات لەگەڵ هەڵدانی شەپۆلێکی فراوانی مووشەک لە ئێرانەوە بەرەو قوڵایی ئیسرائیل، چەند شارێکی ئێرانیش بەرەوڕووی بۆردومان بوونەتەوە.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی رایگەیاند؛ هێرشێکی هاوبەش و هاوکات لەلایەن ئێران و حزبوڵڵای لوبنانەوە کراوەتە سەر ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری ئیسرائیل. لای خۆشیەوە رۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم" ئاشکرای کردووە، ئێران لە دوایین شەپۆلی هێرشەکانیدا بۆ سەر ناوەڕاستی ئیسرائیل، مووشەکی "هێشوویی" (Cluster missiles) بەکارهێناوە.

کەناڵی12ـی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە، پاشماوەی مووشەکە تێکشێنراوەکان لە ناوچەی "بنی براک" کەوتوونەتە خوارەوە. هاوکات بەرگریی شارستانی ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە شارەکانی عەکا، کەنداوی حەیفا و چەندین ناوچەی جەلیلی باڵا لێداوە و داوای لە دانیشتووان کردووە بچنە پەناگەکانەوە.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئێران، تەلەفزیۆنی فەرمی ئەو وڵاتە دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل پشتڕاستکردەوە. هاوکات دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە تاران و دەوروبەری بیستراوە کە هێشتا سەرچاوەکەی بە تەواوی روون نەکراوەتەوە.

لە بەرەیەکی دیکەوە، میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر ناوچەی "کەفرا" لە شارۆچکەی بنت جبل لە باشووری لوبنان، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ بەشداریی حزبوڵڵا لە هێرشەکاندا.