هەڕەشەکانی ترەمپ نرخی نەوتی 5 دۆلار بەرزکردەوە
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و نزیکەی 5 دۆلار چووە سەر نرخەکەی. ئەم هەڵکشانە دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هات، تێیدا جەختی لە بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کردەوە، بە تایبەت بە ئامانجگرتنی کەرتی وزە و نەوت.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 4.49 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 106.22 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات، نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە رێژەی سەدا 4.2 دۆلار زیادی کرد و بە 104.33 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە لە کاتێکدایە پێش گوتارەکەی ترەمپ، نرخەکان بە بڕی دۆلارێک دابەزیبوون.
دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا کە 20 خولەکی خایاند، رایگەیاند: "سوپای ئەمریکا لە تەواوکردنی ئامانجەکانی لە ئێران نزیکبووەتەوە و شەڕەکە بەم زووانە کۆتایی دێت." هەرچەندە ترەمپ کاتێکی دیاریکراوی بۆ کۆتاییهاتنی شەڕەکە دانەنا، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، "دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوو" هێرشی زۆر توند و بەهێز دەکرێتە سەر ئێران.
ترەمپ گوتیشی: "ئەرکەکە بە خێرایی جێبەجێ دەکەین. ئێران لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە وێران بووە و هێرشەکان تا بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکان بەردەوام دەبن." هەروەها ئەوەشی خستەروو پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران بەتەواوی تێکشکێنراوە و تاران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە گواستنەوەی نەوت، ترەمپ گەشبینی خۆی نیشاندا و رایگەیاند؛ دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، گەرووی هورمز بە شێوەیەکی ئاسایی دەکرێتەوە.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە هۆشداریی دابوو پچڕانی گەیشتنی وزە لە مانگی نیساندا کاریگەرییەکی توند لەسەر ئابووریی وڵاتانی ئەوروپا دروست دەکات.