ترەمپ: لەگەڵ بەرپرسە "عەقڵانییەکانی" ئێران لە گفتوگۆداین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند؛ دەسەڵاتی ئێران گۆڕانکاریی تەواوی بەسەردا هاتووە و ئیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو وڵاتە کە بە "عەقڵانی و میانڕەو" وەسفی کردن، لە گفتوگۆدایە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ABC News"، ترەمپ ئاشکرای کرد، ئیدارەکەی لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران قسە دەکات. ترەمپ گوتی: "ئێستا کۆمەڵە کەسێکی جیاواز لە ئێران دەسەڵاتییان بەدەستەوەیە، ئەوان زۆر میانڕەوتر و عەقڵانیترن."
سەبارەت بە رەخنە و گاڵتەجاڕییەکانی پێشووی قالیباف لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرامبەر بە ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "راستە قالیباف رەخنەی لێدەگرتم، بەڵام لەم دواییانەدا زۆر باشتر بووە و تۆنی قسەکردنی نەرم کردووە." بەڵام لە هەمان کاتدا ترەمپ هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆی ئاڕاستە کرد و گوتی: "ئێمە دەزانین ئەو لە کوێ دەژیت، با تەنیا ئەوەندە بڵێم."
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو بانگەشانەی ترەمپیان رەتکردەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی کردەوە، هیچ جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە و متمانەیان بەو رێڕەوە دیپلۆماسییە نییە.
هاوکات حەمید ڕەزا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لێدوانەکانی ترەمپی بە "بێ بنەما" وەسف کرد و گوتی: "ئەم قسانە بۆ نانەوەی فیتنەیە. بڕیاری شەڕ، ئاشتی و گفتوگۆ تەنیا لە دەسەڵاتی رێبەری باڵای ئێراندایە و تا ئێستاش هیچ مۆڵەتێک بۆ گفتوگۆ نەدراوە." ناوبراو هەروەها جەختی کردەوە، گەرووی هورمز بە رووی ئەمریکادا ناکرێتەوە.
گرژییەکان لە نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز. ترەمپ پێشتر هەڕەشەی کردبوو، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز بە رووی کەشتیوانیدا نەکاتەوە، وڵاتەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ "سەردەمی بەردین"، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئێران داوای ئاگربەستی کردووە و واشنتن خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەو داوایە.