سکرتێری گشتیی ناتۆ بۆ هێورکردنەوەی ترەمپ دەچێتە کۆشکی سپی
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی لەسەر زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، هەفتەی داهاتوو مارک رووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
بەرپرسەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە دا، سەردانەکەی سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بێدەنگیی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە بەرانبەر کردنەوەی گەرووی هورمز زۆر تووڕەیە.
لە راپۆرتی رۆژنامەکەدا هاتووە، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ هێزی دەریایی زیاتر رەوانەی ناوچەکە بکەن بۆ ئەوەی گوشارەکان لەسەر واشنتن کەم ببنەوە.
وەک ئەوەی رۆژنامەکە باسی کردووە، سکرتێری گشتیی ناتۆ هەوڵ دەدات لەو کۆبوونەوەیەدا نیگەرانییەکانی واشنتن بڕەوێنێتەوە و پلانی نوێی هاوپەیمانییەکە بۆ هاوکاریکردنی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە روو.
مارک رووتە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 پۆستی سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆی وەرگرت. لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، بەردەوام داوای لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ کردووە خەرجییە سەربازییەکانیان زیاد بکەن و تەنیا پشتبەستوو نەبن بە تواناکانی واشنتن.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە و نەوت، لە ماوەی رابردوودا بە هۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە مەترسیی گەورە لەسەر هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دروست بووە. ئەمریکا هێزێکی زۆری لەو ناوچەیە جێگیر کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریایی، بەڵام بڕوای وایە وڵاتانی ئەوروپا بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ ناکەن لە بەرانبەر پاراستنی ئەو رێڕەوە و فشاری گەورەیان خستووەتە سەر ئەمریکا.
لە ماوەی رابردوودا چەندین جار واشنتن هۆشداریی داوەتە وڵاتانی ئەوروپایی بۆ ئەوەی رۆڵی زیاتر ببینن لە پاراستنی ئاسایشی جیهانی. پسپۆڕانی سەربازی پێیان وایە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوو دەبێتە یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی ئەرکی نوێی ناتۆ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەوروپا و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریان هەڵداوە.