باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، هۆشدارییەکی ئەمنیی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتییانی خۆی کرد و رایگەیاند؛ زانیارییان لەبەردەستە گرووپە چەکدارەکان لە هەوڵی ئەنجامدانی هێرشن لە ناوەڕاستی بەغدا لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی باڵیۆزخانە، ئەو گرووپە چەکدارانەی هاوپەیمانی ئێرانن، پێشتر هێرشی فراوانیان کردووەتە سەر هاووڵاتییانی ئەمریکی و بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق. هۆشداریش دراوە پێدەچێت هێرشەکان هاووڵاتییانی ئەمریکی، کۆمپانیاکان، زانکۆکان، دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، ژێرخانی وزە، هۆتێلەکان و فڕۆکەخانەکان بکەنە ئامانج، جگە لە ئەگەری بەئامانجگرتنی دامەزراوە حکوومییەکانی عێراق و شوێنە مەدەنییەکان.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، مەترسیی رفاندنی هاووڵاتییانی ئەمریکی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لە ئارادایە، هەر بۆیە داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە "دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن".
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا هاتووە، حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە رێگریی لەو هێرشە تیرۆریستییانە بکات کە لە ناوخۆی وڵاتدا روودەدەن، ئاماژە بەوەش کراوە، رەنگە هەندێک لەو گرووپە چەکدارانە پەیوەندییان بە حکوومەتەوە هەبێت یان ناسنامەی فەرمی دامەزراوەکانی دەوڵەتییان پێ بێت.
سەبارەت بە کارەکانی نێردەی دیپلۆماسی ئەمریکا، باڵیۆزخانە رایگەیاندووە؛ سەرەڕای بڕیاری چۆڵکردنی بەشێک لە کارمەندەکانیان، بەڵام هێشتا بەردەوامن لە پێشکەشکردنی هاوکاریی بە هاووڵاتییانیان. داواش لە ئەمریکییەکان کراوە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان و ئەگەری هێرشی موشەکی و درۆن، هەوڵی چوون بۆ باڵیۆزخانە لە بەغدا نەدەن.
لە کۆتاییدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا پێداگری لەسەر ئاستی چوارەمی هۆشداریی گەشتکردن کردەوە واتە (ئاستی سوور) و رایگەیاند: "بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ عێراق مەکەن، ئەگەر لەوێشن، دەستبەجێ بیهێڵنەوە."