عێراق کار بۆ کردنەوەی بەشێکی ئاسمانەکەی دەکات

فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقی
فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقی

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشکرای کرد، هەوڵێکی حکوومەت هەیە بۆ تاوتوێکردنی کردنەوەی بەشێکی ئاسمانی وڵات بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتی و دیاریکردنی رێڕەوی جێگرەوە بە مەبەستی بەردەوامیی گەشتە ئاسمانییەکان لە سایەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا.

مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، رێنماییەکانی حکوومەت دەرچوون بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەگەری کردنەوەی بەشێکی ئاسمانی عێراق لە چوارچێوەی زانستی و هونەریی ورد بۆ گەرەنتینەکردنی بەرزترین ئاستی سەلامەتی بۆ فڕۆکەوانیی شارستانی بە جۆرێک بگونجێت لەگەڵ پێداویستییەکانی ئاسایشی ئاسمانی و راسپاردەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە فڕۆکەوانیی شارستانی.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە روونیشی کردەوە، بڕیاری داخستنی ئاسمانی عێراق بە هۆی ئەو پێشهاتە سەربازییانەوە هاتووە کە لە ناوچەکەدا روو دەدەن و ئەو ئاڵەنگارییە ئەمنییە پەرەسەندووانەی هاوپێچیانن و کاریگەرییان لەسەر جووڵەی فڕۆکەوانی لە عێراق و ناوچەکە دروست کردووە. ئەمەش وای کردووە رێکاری خۆپارێزی بگیرێتە بەر بە مەبەستی پاراستنی ئاسمانی نیشتمانی و گەرەنتینەکردنی سەلامەتیی گەشتیاران و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی.

 سافی، ئاماژەی بەوە دا، ئەزموونەکانی پێشوو و بە تایبەتی لە کاتی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی ساڵی رابردوو لە ناوچەکەدا بینران، ئەگەری کردنەوەی بەشێکی دیاریکراوی ئاسمانی عێراقیان نیشان دا بە سوودوەرگرتن لە رێڕەوە ئاسمانییە سەلامەتەکان بە ناو وڵاتانی کەنداو؛ بەڵام قەیرانی ئێستا ئەم تایبەتمەندییەی تێدا نییە بە هۆی داخستنی ئاسمانی چەند وڵاتێکی ناوچەکە و فراوانبوونی بازنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئەمەش ئاڵەنگاریی زیاتر بۆ سەر بەڕێوەبردنی جووڵەی ئاسمانی دروست دەکات.

ئەوەشی خستە روو، وەزارەتی گواستنەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەی هونەریی پێشکەوتوو بۆ دیاریکردنی رێڕەوی ئاسمانیی جێگرەوە و سەلامەتتر بە جۆرێک هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییەکانی سەلامەتی و بەردەوامیی کارپێکردنی کەرتی فڕۆکەوانیی شارستانی بپارێزێت، بە تایبەتی لە سایەی نیشانەکانی درێژەکێشانی ئاڵۆزییە هەرێمییەکاندا. ئەمەش پێویستی بە گرتنەبەری چارەسەری نەرم و بەردەوام هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ گواستنەوەی ئاسمانیی عێراق.

بە هۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و پێشهاتە سەربازییەکانی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق چەندین جار ناچار بووە ئاسمانی خۆی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا دابخات. داخستنی ئاسمانی وڵات کاریگەریی گەورەی لەسەر جووڵەی فڕۆکەوانی و کەرتی ئابووریی عێراق دروست کردووە. 

لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پێشوودا، عێراق دەیتوانی بەشێک لە ئاسمانی خۆی بە بەکارهێنانی رێڕەوە ئاسمانییەکانی وڵاتانی کەنداو بە کراوەیی بهێڵێتەوە، بەڵام بە هۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و داخستنی ئاسمانی چەندین وڵاتی دراوسێ، ئەم بژاردەیە لە ئێستادا قورس بووە. لەبەر ئەم هۆکارە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بەردەوامە لە گەڕان بە دوای رێڕەوی جێگرەوەی سەلامەت بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان و کەمکردنەوەی زیانەکانی کەرتی فڕۆکەوانی بە بێ خستنە مەترسیی گیانی گەشتیاران.