گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا: درۆن و مووشەکی ئێران لە شوێنی پارێزراون
بارەگای ناوەندیی "خاتەمولئەنبیا" لە پەیامێکیدا هۆشداری دایە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاند؛ زانیارییەکانی دوژمن لەسەر توانا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر کەم و ناتەواوە.
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگاکە ئاماژەی بەوە کرد ئەو شوێنانەی دوژمن وێنای کردووە کردوویەتیە ئامانج، بایەخیان نەبووە.
راشیگەیاند: "بەرهەمهێنانە ستراتیژییە سەربازییەکانی ئێمە لەو شوێنانە ئەنجام دەدرێن کە ئێوە بە هیچ شێوەیەک زانیاریتان لەسەریان نییە و هەرگیز دەستتان پێیان ناگات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا جەختی کردەوە، دوژمن نابێت خەیاڵی ئەوە بکات، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ستراتیژی، درۆنی هێرشبەری دوور مەودا، سیستەمە نوێیەکانی بەرگریی ئاسمانی و جەنگی ئەلیکترۆنیی ئێرانی لەناوبردووە. گوتیشی: "خۆتان ماندوو مەکەن بە ژماردنی مووشەک و درۆنەکانمان، چونکە بێگومان تووشی هەڵە دەبن و ناگەنە هیچ ئەنجامێک."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گوتەبێژی سەربازی ئێران رایگەیاند؛ دەبێت دوژمن باجی ئەو دەستدرێژییەی دەستی پێکردووە بداتەوە و گوتی: "لە بەردەوامی ئەو لێدانە بەهێزانەی تا ئێستا خواردووتانە، چاوەڕێی کردەوەی زۆر توندتر، فراوانتر و وێرانکەرتر بن لە لایەن ئێمەوە."
ئەم بەرپرسە سەربازییە دووپاتی کردەوە ئەم جەنگە تا پەشیمانبوونەوەی تەواوەتی و تەسلیمبوونی دوژمن بەردەوام دەبێت.