کۆریای باکوور: کۆمەڵکوژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوانەکانی جەنگی جیهانی دووەمی کاڵ کردووەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور رایگەیاند، ئەو کۆمەڵکوژییە گەورەیەی ئێستا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات، وای کردووە تاوانەکانی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم لە چاو ئەمڕۆدا بە کاڵیی دەربکەون.
پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، منداڵان کە دەبێت لە ژێر هەموو بارودۆخێکدا پارێزگارییەکی تایبەتیان لێ بکرێت، بە چەکی پێشکەوتوو و ورد دەکرێنە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی کوژرانی سەدان منداڵ لەو تراژیدیایانەی کە رۆژانە دووبارە دەبنەوە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەو راستییە تاڵەی کە تیایدا یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان بەهۆی هەژموونخوازییەوە بە ئاشکرا پێشێل دەکرێن، وای کردووە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەمەش ئەو راستییەی لای گەلانی جیهان چەسپاندووە کە پاراستنی سەروەریی دەوڵەت واتە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ".
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور جەختیشی کردەوە، هەڵوێستی پیۆنگیانگ بۆ بەرگریکردن لە شکۆ و سەروەریی دەوڵەت و مافەکانی گەلەکەی، هەڵوێستێکی نەگۆڕ و رەهایە لە بەرانبەر ئەو هەڕەشە و پیلانگێڕییەی هێزە دوژمنکارەکان ئەنجامی دەدەن.