پاکستان و چین دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ راگرتنی جەنگ پێشکەش دەکەن
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاشکرای دەکات، هەوڵی نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەدەن و خاڵی هاوبەش بۆ رێککەوتن هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02ـی نیسانی 2026 تاهیر ئەندارابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی وڵاتانی ناوچەکە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. ئاماژەی بەوەش دا، پاکستان و چین دەستپێشخەرییەکیان لە پێنج خاڵ بۆ چارەسەری قەیرانەکان پێشکەش کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان روونیشی کردەوە، خاڵی هاوبەش لە نێوان هەڵوێستەکانی ئێران و ئەمریکا هەیە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن. جەختی لەوەش کردەوە هەردوو وڵات متمانەی تەواویان بە پاکستان هەیە بۆ ئاسانکاریکردن لە بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان.
ئیسلام ئاباد سووربوونی خۆی بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان و ئاسانکاریکردنی دانوستانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دووپات کردەوە و چاوەڕوانی دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.
هاوکات هەماهەنگییەکانی لەگەڵ چین و هاوبەشەکانی بۆ ئاسانکاریکردنی ئەو دانوستانانە خستە روو.
لە بەرانبەردا ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داواکارییەکانی ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تووندڕەوانە و نالۆژیکی وەسف کرد. هاوکات ئەنجامدانی هەر جۆرە دانوستانێکی بۆ راگرتنی شەڕ رەتکردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیامیان پێ گەیشتووە و پاکستان یەکێکە لە نێوەندگیرەکان، بەڵام هیچ دانوستانێکی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریکا نەکردووە.