لە هەرێمی کوردستان دابینکردنی غازی شل بەردەوامە و هیچ گرفتێک لە وێستگەکاندا نییە

سەرەڕای گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر نرخی وزە، پرۆسەی دابەشکردن و فرۆشتنی سووتەمەنی و غازی شل (LPG) لە وێستگەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە.

بەگوێرەیزانیارەییەکانی ئەحمەد سەمەد پەیامنێری کوردستان 24 لە هەولێر، وێستگەکانی سووتەمەنی بەبێ هیچ جۆرە قەدەغەکردنێک یان سنووردارکردنێک بەردەوامن لە پێدانی غازی شل بەو ئۆتۆمبێلانەی سیستەمی غازیان بۆ جێگیرکراوە. 

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە بەهۆی بارودۆخی سیاسی و سەربازیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نرخی سووتەمەنی تا رادەیەک بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام هیچ بڕیارێک بۆ راگرتنی فرۆشتنی ئەو جۆرە سووتەمەنییانە لە ئارادا نییە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چەند هەنگاوێکی ستراتیژییان گرتووەتە بەر بۆ رێگری لە قەیرانی غاز، لەوانە: دابەشکردنی غازی ماڵان لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بگاتە دەستی هاووڵاتییان هەروەها لە شاری هەولێر رۆژانە پێویستی بە نزیکەی 18 تانکەر غاز هەیە کە دەکاتە 360 تۆن، و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەم بڕە بە جێگیری بمێنێتەوە.

وێستگەکانی غازی شل بە رووی شۆفێراندا کراوەن و پرۆسەی دابینکردنی غاز بۆ ماڵان و ئۆتۆمبێلەکان لەژێر چاودێری و پلانی حکوومەتدایە بۆ رێگری لە هەر جۆرە کورتھێنانێک.