فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران: ئەگەر هێرشی زەمینی بکرێت، نابێت یەک سەربازی دوژمن بە زیندوویی رزگاری بێت
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران رایگەیاند، دەبێت سات بە سات چاودێری هەنگاوەکانی دوژمن بکرێت و هۆشداریش دەدات، ئەگەر هێرشی زەمینی بکرێتە سەر وڵاتەکەی، "نابێت یەک سەربازی دوژمن بە زیندوویی رزگاری بێت". ئاماژەی بەوەش کرد کە تا سەرکەوتنی تەواوەتی لە جەنگ بەردەوام دەبن.
پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، میدیاکانی ئێران گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێرانیان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە. حاتەمی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، پێویستە جموجوڵ و هەنگاوەکانی دوژمن بەوپەڕی وردبینییەوە چاودێری بکرێن.
حاتەمی جەختی کردەوە: "دەبێت لە ماوەیەکی کورتی پێوانەییدا بەرەنگاری هێرشی دوژمن ببنەوە، لە ئەگەری هەر هێرشێکی زەمینیدا، نابێت رێگە بدرێت تەنانەت یەک سەربازیشیان بە زیندوویی رزگاری بێت."
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ئاماژەی بە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا کرد سەبارەت بە گۆڕینی نەخشەی ئێران لە دوای جەنگ و گوتی: "ئەم لێدوانانە مەبەستی راستەقینەی دوژمنانی ئەمریکی و ئیسرائیل بۆ سڕینەوەی ناوی ئێران دەسەلمێنێت." راشیگەیاند، بە پشت بەستن بە ئیرادەی گەل، تا سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر دوژمناندا، بە هەموو هێز و توانایەکەوە لە جەنگ بەردەوام دەبن.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ئەمیر حاتەمی گوتی ستراتیژییەتی کۆماری ئیسلامی روونە، ئەویش راگرتنی جەنگ و گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە، بە جۆرێک کە چیتر هەڕەشە لەسەر گەلی ئێران نەمێنێت. هۆشداریشی دا: "بە پێچەوانەوە ئێمە واز لە دوژمنان ناهێنین تا بەو ئامانجانە نەگەین کە دامانناون."