روبیۆ: واشنتن چیدیکە چاوپۆشی لە رەفتارەکانی تاران ناکات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشداریی دایە تاران کە واشنتن رێگە نادات ئاسایشی نێودەوڵەتی و گەرووە ئاوییەکان بخرێنە مەترسییەوە و جەختی لە گەڕانەوەی فشارە سیاسی و ئابوورییەکان کردەوە.
پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، نەخشەڕێگەی نوێی واشنتنی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران خستە روو.
روبیۆ جەختی لەوە کردەوە، کە سەردەمی "چاوپۆشیکردن و بێدەنگی" لە بەرانبەر چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی تاران کۆتایی هاتووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "پەیامی ئێمە بۆ ئێران ڕاشکاوە؛ هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە، یان دەستدرێژی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان، بە تایبەتی ئیسرائیل، رووبەڕووی وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە دەبێتەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەمریکا کار دەکات بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن تارانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
روبیۆ لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ستراتیژیی "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە" کرد و گوتی: "ئەمریکا هەموو ئامرازە دیپلۆماسی، ئابووری و سەربازییەکانی بەکار دەهێنێت بۆ گەرەنتی کردنی ئەوەی کە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و نەتوانێت هەڕەشە لە گەرووە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی وزەی جیهانی بکات."
روبیۆ لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، کە واشنتن لە پاڵ گەلانی ناوچەکەدا دەوەستێت کە خوازیاری ئاشتی و سەقامگیرین و رێگە نادات هیچ هێزێکی تێکدەر داهاتووی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەک ئاماژەیەکی بەهێز بۆ توندکردنەوەی گەمارۆکان و گەڕانەوە بۆ سیاسەتی "گوشاری زۆرینە" هەژمار دەکرێن، کە ئامانج لێی گۆشەگیرکردنی سیاسی و ئابووریی تارانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.