وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بۆ کوردستان24: ئەمریکا و ئێران لەسەر ژمارەیەک خاڵی هاوبەش رێککەوتوون
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بۆ کوردستان24: بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکاندا هەیە و ئێران و ئەمریکا لەسەر ژمارەیەک خالی هاوبەش رێککەوتن، بەڵام زۆر خاڵی ناکۆکیش ماون، پێویستە گفتۆگۆی زیاتریان لەسەر بکرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02ـی نیسانی 2026، تاهیر ئەندارابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەرپرسانی ئیسلامئاباد لە پەیوەندیی بەردەوام دان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران بۆ راگرتنی جەنگەکە و هێورکردنەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان دووپاتی کردەوە، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکاندا هەیە و ئێران و ئەمریکا لەسەر ژمارەیەک خالی هاوبەش رێککەوتن، بەڵام زۆر خاڵی ناکۆکیش ماون، پێویستە گفتۆگۆی زیاتریان لەسەر بکرێت.
ئەندارابی روونیشیکردەوە، پاکستان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی میوانداریی لووتکەیەکی دانوستانی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە نێوان بەرپرسانی تاران و واشنتن رێکبخات، بەڵام جارێ رێککەوتن نەکراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان باسی لەوەش کرد، جگە لە ئیسلامئاباد، هەر یەکە لە تورکیا و میسر و ژمارەیەک وڵاتی دیکەش پەیام لە نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێراندا ئاڵوگۆڕ دەکەن. دووپاتیشی کردەوە، کۆتاییهاتنی جەنگەکە لە بەرژەوەندیی هەموواندایە.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، 28ـی شوباتی رابردوو سەریهەڵداوە و زیاتر لە مانگێکەکە بەردەوامە، تاوەکو ئێستاش هیچ ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهاتنی جەنگەکە لە ئارادا نییە.
پاکستان، هاوشانی ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ناوچەکە، نێوەندگیریی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەکات، بەڵام هەردوولا سووربوونی خۆیان لە بەردەوامیدان بە جەنگەکە دووپاتکردووەتەوە.
بەرەبەیانیی پێنجشەممە، 02ـی نیسان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا جەختی کردەوە، زۆرینەی ئامانجەکانیان لە جەنگی ئێراندا بەدەستهێناون، بەڵام پێشبینی کرد جەنگەکە تا دوو سێ هەفتەی دیکەش بەردەوام بێت.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەم قۆناغەی جەنگدا دانوستان و ئاگربەست و جارێکی دیکە دووبارەکردنەوەی هەمان پیلان پەسەند ناکەن، چونکە ئەمە نەک هەر تەنیا بۆ ئێران بەڵکوو بۆ تەواوی ناوچەکە کارەساتە.