دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران؛ گەرووی هورمز بازرگانی جیهانی پەکخستووە
جگە لە کەرتی نەوت و گاز، گەمارۆدانی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بووەتە هۆی پەکخستنی گواستنەوەی کاڵا بنەڕەتییەکان و کەرەستە خاوەکان بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئابووری نێودەوڵەتی دروست کردووە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای (AXSMarine) کە تایبەتە بە زانیارییە دەریاییەکان، قەبارەی گشتی گواستنەوەی "کاڵا وشکەکان" لە مانگی ئادار دا بۆ 1.3ملیۆن تۆن دابەزیوە، لەکاتێکدا لە مانگی شوباتدا 7.5ملیۆن تۆن بووە، ئەمەش بەواتای دابەزینی بازرگانی ئەو کاڵایانە بە ڕێژەی 83% دێت.
ئەم دۆخە دوای ئەوە دێت کە لە 28ی شوباتی رابردوو، هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، کە بووەتە هۆی تێکچوونی باری تەناهی لە گەرووەکەدا.
کاریگەرییەکان لەسەر پێنج سێکتەری سەرەکی بەم شێوەیەیە:
1. کەرەستە خاوەکان: 93 %دابەزیوە
هەناردەکردنی کەرەستە خاوەکانی وەک بەردی کلس بۆ چیمەنتۆ، گۆگرد بۆ پەین و ماددە کیمیاییە پیشەسازییەکان، و جپس بۆ کەرتی بیناسازی و کشتوکاڵ، لە ٥ ملیۆن تۆنەوە بۆ تەنیا 326هەزار تۆن لە مانگی ئازاردا کەمی کردووە.
2. پەینە کیمیاییەکان: 92%دابەزیوە
پەینەکانی وەک "یۆریا" کە بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە جیهاندا گرنگن، قەبارەی گواستنەوەیان لە یەک ملیۆن تۆنەوە بۆ تەنیا 82 هەزار تۆن دابەزیوە. زۆربەی ئەم پەینانە پێشتر بۆ وڵاتانی بەرازیل، چین، هیندستان و ئەفریقا دەچوون.
3. خەڵووزی ئاسن: 65% دابەزیوە
خەڵووزی ئاسن کە کەرەستەی سەرەکییە بۆ دروستکردنی پۆڵا و ئامێر و ئۆتۆمبێل، هەناردەکردنی لە گەرووی هورمزەوە لە 530هەزار تۆنەوە بۆ 186هەزار تۆن کەمی کردووە.
4. پۆڵا: 93% دابەزیوە
گواستنەوەی پۆڵا و ئاسنی ئامادەکراو لە 162 هەزار تۆنەوە بۆ تەنیا 11 هەزار تۆن دابەزیوە، ئەمەش زیانێکی گەورە بە کەرتی پیشەسازی دەگەیەنێت.
5. هاوردەی دانەوێڵە: 92 %دابەزیوە
هاوکات هاوردەکردنی دانەوێڵە بۆ وڵاتانی کەنداو لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و لە 2.3ملیۆن تۆنەوە بۆ تەنیا 196 هەزار تۆن دابەزیوە.
کۆمپانیای (AXSMarine) بە ئاژانسی (AFP)ی ڕاگەیاندووە، بەهۆی دۆخی جەنگ و دەستکاریکردنی سیگناڵی کەشتییەکان لە ناوچەکەدا، جۆری زۆربەی ئەو کاڵایانەی لە مانگی ئازاردا لە گەرووەکە تێپەڕیون بە "نادیار" تۆمارکراون